ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستانە و لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵکرا

 ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای کوردستانە و  لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵکرا

ئەمڕۆ دووشەممە 2018.12.17 کە بە ئاڵای کوردستان ناسراوە، لە هەرێمی کوردستان و بەگشتی لەلای کوردستانیان بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ناسراوە و لەم ڕۆژەدا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕێکخستنی چالاکی بەرز و پیرۆز ڕای دەگرن.



پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2009 بە بڕیارێکی فەرمی ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کردووە و ئەم ئاڵایە ئاڵای فەرمیی کوردستانە و لە داودەزگا فەرمییەکان و لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکانی هەرێمی کوردستاندا وەک ڕەمز و هێمای پیرۆزی کورد و کوردستان دادەنرێت.



وێڕای بەربەست و پێشگیرییەکانی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە کەرکووک ئەمڕۆ لە قوتابخانەی "بڵێسە"ی بەشی کوردیی پەروەردەی کەرکووک لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا هەڵکرا و بەشێک لە بەرپرسانی پەروەردەی بەشی کوردی و مامۆستایان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.



بڕیارە لەناو زانکۆ قوتابیان و گەنجانی کورد بەبێ گوێدانە هەڕەشە و بەربەستی هێزە ئەمنییەکان ئاڵای کوردستان هەڵبکەن.



بەپێی زانیارییەکان لە شەوێ ڕابردووەوە هاووڵاتیانی کەرکووک ئاڵای کوردستانیان لەسەر ماڵەکانیان هەڵکردووە.



ساڵی پار لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بۆنەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان چەند گەنجێک لە کەرکووک دەستگیر کران.




باسنیوز
Top