گەورەتیرۆریستێكی داعش لە گرتووخانەیەكی نەینەوا ڕای كرد

	 گەورەتیرۆریستێكی داعش لە گرتووخانەیەكی نەینەوا ڕای كرد
گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، سەركردەیەكی تیرۆریستانی داعش لەنێو یەكێك لە گرتووخانەكانی سەر بە پۆلیسی نەینەوا ڕای كردووە، ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە كە گەندەڵییەكی گەورە لەنێو دەزگا ئەمنییەكانی شاری مووسڵدا هەیە.

ئازاد كردنی شاری مووسڵ لە دەست تیرۆریستانی داعش، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بە فەرمی لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە ڕاگەیێندراوە و، ژمارەیەكی زۆریش لە تیرۆریستانی داعش و سەركردەكانیان لە گرتووخانەكانی ئەو شارەدان.

گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت، ‌بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، گەورەسەركردەیەكی تیرۆریستانی داعش بە ناوی ئەمجەد عوبێد محەممەد ئەرحیم ئەلشەرابی، ئێوارەی دوێنێ شەممە لە گرتووخانەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناحیەی زومماری سەر بە پۆلیسی نەینەوا‌ ڕای كردووە،‌ ‌كە بەپێی ماددەی (4)ـی تیرۆر دەستگیر كراوە.

ئەلحوێت دەشڵێ‌، هەڵاتنی گەورەتیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەیەكدا كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی توندی هێزە ئەمنییەكاندایە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەندەڵییەكی گەورە لەنێو دەزگای ئەمنیی نەینەوادا هەیە، هەروەها ئاماژەیەكیشە بۆ ئەوەی كە تیرۆریستانی داعش لە رێگای شانە نووستووەكانیانەوە كۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەكانیان كردووە.
KDP-
Top