موبارەك: لەبارەی داگیركردنی زەویی كوردەوە، ھۆشداری دراوەتە دادگاكانی كەركووك

موبارەك: لەبارەی داگیركردنی زەویی كوردەوە، ھۆشداری دراوەتە دادگاكانی كەركووك
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، ھۆشداریی داوەتە دادگاكانی كەركووك بەوەی كە دەستكاری گرێبەستەكانی زەویی كەركووك نەكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووكیش دەڵێ، گومان ھەیە بە ھۆی نەبوونی دادوەری كوردەوە، دادگاكانی كەركووك پیلانێكی مەترسیدار دژی كورد و توركمان جێبەجێ بكەن.

لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، بە لێشاو عەرەبی شۆڤێنی ھاوردەی كەركووك دەكرێن و ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیی كورد زەوییان لێ داگیر كراوە و سەرەڕای ئەوەیش ھەڕەشەی دەركردنیان دەكرێت، مەھدی موبارەك، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووك، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق بەو پیلانەی كەركووكی دژی كوردیزانیوە و بە نووسراوی فەرمی ھۆشداریی داوەتە دادگاكانی كەركووك تا بڕیاری ژمارە چواری لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق پێشێل نەكرێت لەبارەی دەستكاریی گرێبەستی زەویی كورد و توركمانەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ، گومان ھەیە پیلانەكە جێبەجێ بكرێت، چونكە ھیچ دادوەرێكی كورد لە دادگای كەركووك نەماوە و ھەموو كراوە بە دادوەری عەرەب بۆ جێبەجێكردنی پیلانە، لەبەر ئەوەش پێنج ملیۆن دۆنم زەوی لە ژێر داگیركاریدایە.

وەك موبارەك روونی كردەوە، ھەر گرێبەستێك لەلایەن ماددەی ١٤٠ بڕیاری لەسەر درابێت، نابێت دەستكاری بكرێت، چونكە ساڵی ٢٠٠٧ لیژنەی باڵا بە بڕیاری ژمارە چوار یەكلای كردووەتەوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەندی كردووە، بەڵام بە داخەوە ئێستا دەستەڵاتدارانی كەركووك دەیانەوێ لە رێگەی دادگاوە بەرگێكی یاسایی بكەنە بەر بڕیارەكانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، ئەوەش قەبووڵ ناكرێت.
kdp-
Top