ئەم حەفتەیە بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەدرێت

ئەم حەفتەیە بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەدرێت
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، بڕیار بوو لە حەفتەی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆمسیۆن ناتوانێ لەو کاتەدا ئەنجامی بدات، بۆیە بە نووسراوی فەرمی داوای دواخستنیمان کردووە.

ڕزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ئەو وادەیەی دانراوە بڕیار بوو ٢٢ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بە ھۆی ئەوەی ئێمە لەکار وەستێندرا بووین و ھێشتا بوودجە پەسەند نەکراوە و یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەموارنەکراوە، بۆیە بە فەرمیی داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە ئەو ھەڵبژاردنە دوا بخرێت، چونکە ناتوانین لەو کاتەدا ئەنجامی بدەین و پێشنیارمان کردووە لە کۆتاییی ساڵی داھاتوودا ئەو ھەڵبژاردنە بکرێت.

ڕزگار حاجی حەمە گوتیشی: "بڕیارە لەم ھەفتەیەدا پەرلەمان بڕیار لەبارەی دواخستنی بدات و دواتر ئەنجومەنی وەزیران و کۆمسیۆن بە ھەماھەنگی وادەیەک دیاری بکەن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، چونکە شەش بۆ نۆ مانگ کاتمان پێویستە تاوەکو خۆمان ئامادە بکەین.
kdp-
Top