ڕێگە نادەن سبەینێ لە کەرکووک یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە
سبەی ڕۆژی یادی ئاڵای کوردستانە، کە ساڵانە لەو ڕۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرکووک ئەو یادە پیرۆزە بەرز ڕادەگیرا، بەڵام بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێک لە بڕیارەکانی داگیرکەران قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانە و ساڵی ڕابردووش ڕێگەیان نەدا لە کەرکووک ئەو یادە بکرێتەوە و چەندین کەسیش بەو ھۆیەوە دەستگیر کران.
پەیوەست بەم پرسە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە قوتابخانە کوردییەکان و زانکۆ یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە و داواش لە ھێزە ئەمنییەکان کراوە، مۆڵەت بدرێت ئەو یادە بکرێتەوە، بەڵام ڕازی نین ئەو یادە بکرێتەوە، بۆیە زەحمەتە ڕێگە بدەن یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە."
نەقیب گۆران عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێک لە بڕیارەکانی داگیرکەران قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانە و ڕێگە نادەن لە ھیچ فەرمانگەیەک ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە، ھەر بۆیە پارتی ناگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، چونکە ڕێگە نادرێت ئاڵای کوردستان ھەڵبدرێت و تەعریب بەردەوامە و دۆخەکەش ئاڵۆز و بە سەر کەرکووکدا سەپێندراوە."
kdp-
