ڕێگە نادەن سبەینێ لە کەرکووک یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە

	 ڕێگە نادەن سبەینێ لە کەرکووک یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک دەڵێ، داوا لە ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کراوە ڕێگە بدرێت سبەی یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە، بەڵام ڕەزامەندییان نەداوە و بڕواش ناکەم ڕێگە بدەن بە ھەمان شێوەی ساڵی ڕابردوو یادی ئاڵا بکرێتەوە.

سبەی ڕۆژی یادی ئاڵای کوردستانە، کە ساڵانە لەو ڕۆژەدا لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کەرکووک ئەو یادە پیرۆزە بەرز ڕادەگیرا، بەڵام بە ھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێک لە بڕیارەکانی داگیرکەران قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانە و ساڵی ڕابردووش ڕێگەیان نەدا لە کەرکووک ئەو یادە بکرێتەوە و چەندین کەسیش بەو ھۆیەوە دەستگیر کران.

پەیوەست بەم پرسە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی کەرکووک، نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە قوتابخانە کوردییەکان و زانکۆ یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە و داواش لە ھێزە ئەمنییەکان کراوە، مۆڵەت بدرێت ئەو یادە بکرێتەوە، بەڵام ڕازی نین ئەو یادە بکرێتەوە، بۆیە زەحمەتە ڕێگە بدەن یادی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە."

نەقیب گۆران عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێک لە بڕیارەکانی داگیرکەران قەدەغەکردنی ئاڵای کوردستانە و ڕێگە نادەن لە ھیچ فەرمانگەیەک ئاڵای کوردستان بەرز بکرێتەوە، ھەر بۆیە پارتی ناگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، چونکە ڕێگە نادرێت ئاڵای کوردستان ھەڵبدرێت و تەعریب بەردەوامە و دۆخەکەش ئاڵۆز و بە سەر کەرکووکدا سەپێندراوە."
kdp-
Top