ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەن ستایشی دەزگا ئەمنییەکانی كوردستان دەکات

 ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەن ستایشی دەزگا ئەمنییەکانی كوردستان دەکات
ئەمڕۆ لە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)ی لەندەندا بڵاوکراوەتەوە کە ٢٠ هاووڵاتیی یەمەنی لە کوردستان گیراون کە ویستوویانە لە ڕێگای كوردستانه‌وە بەڕێ بکەون بۆ توركیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمنی ھەرێم ئەو ٢٠ کەسەیان دەستگیر کردووە، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی هه‌ولێریش ده‌ڵێ، تێبینییان له‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتییانه‌ بووە، بۆیه‌ ده‌ستگیر كراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ٢٠ هاووڵاتیی یەمەنیی دەستگیر کردووە، کە بە شێوەیەکی نایاسایی ھاتوونەتە ھەرێمی کورستان بە نیازی ئەوەی لە ڕێگای کوردستانەوە بەرەو تورکیا و دواتر بەرەو ئەورووپا بڕۆن. باڵیۆزی وڵاتی یەمەنیش لە بەغدا ڕایگەیاند، بە بیستنی ئەو ھەواڵە، ھەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئازادکردنی ئەو ٢٠ هاووڵاتییە یەمەنییەی لە ھەرێمی کوردستان دەستگیر کراون و، بە یارمەتیی دەزگاکانی ئاسایش ھەوڵەکانیان بەرھەمی بووە و دەستبەسەرکراوەکان ئازاد کراون.

بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەیەوە، د. تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "١٠ ڕۆژ لەمەوبەر ٢٠ هاووڵاتیی یەمەنی بە شێوەیەکی نایاسایی ھاتبوون بۆ کوردستان. سەرەتا لە وڵاتی خۆیانەوە بەرەو میسر چووبوون، دواتر چەند کەسێک کارئاسانییان بۆ کردبوون و بە ڕێگای قاچاخدا ھاتبوونە عێراق، دواتریش بەرەو کورستان ھاتوون و لێرەش ھەوڵیان دابوو بە قاچاخ بچن بۆ تورکیا. ئامانجیان چوون بۆ دەرەوە بووە، ئێمە تێبینیمان لەسەر ئەو هاووڵاتییانە ھەبوو، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی ھاتبوون، دەستگیر کران".

بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر گوتیشی: "ئەو ٢٠ هاووڵاتییە یەمەنییانە بۆ ماوەی مانگێک زیاتر دەستگیر کرابوون، ھیچ جۆرە ئەشکەنجەیەک نەدراون، ڕێگاشمان دان پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان بکەن و ئەو باسەی خۆیان ڕوون بکەنەوە کە دەستگیر کراون و، دوای ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزی یەمەن لە بەغدا دادگا ئازادی کردن و ڕەوانەی ئوردنیان کردنەوە و دواتر بەرەو یەمەن گەڕابوونەوە، باڵیۆزی یەمەنیش ھاوکاریی کردن و بلیتی فرۆکەیان بۆ بڕین و گەڕاندیاننەوە یەمەن".

ڕۆژنامە لەندەنییەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا ھەڵسوکەوتێکی یاساییانە و مرۆییانەیان لەگەڵ کردبوون، ھەروەھا ستایشی دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتدارنی ھەرێمیان کرد بۆ ئەو ڕەفتارانەی کە لەگەڵ هاووڵاتییە یه‌مه‌نییه‌كانیان کردبوو.

شەرقولئەوسەت باس لەوە دەکات کە ھێزە ئەمنییەکان و حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێزی زۆر لە هاووڵاتییانی دەرەوە دەگرن و بە شێوەیەکی زۆر باش مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

د. تاریق دووپاتی کردەوە: "مامەڵەیەکی باشمان لەگەڵیان کرد، ئێمە باڵیۆزی یەمەنمان ئاگادار کردەوە تا ھاوکارییان بکەن و بیانگەڕێننەوە، وەک دەزگاکانی ئاسایشیش ئامانجمان ئەمنییەتە و لە ھەرجۆرە ڕووداوێکی لەو شێوەیەدا مامەڵەیەکی باش لەگەڵ هاووڵاتییانی دەرەوە دەکەین."
kdp-
Top