چاودێران: هەرێم و بەغدا كەشێكی ئارامیان بۆ گفتوگۆ دروست كردووە

 چاودێران: هەرێم و بەغدا كەشێكی ئارامیان بۆ گفتوگۆ دروست كردووە
چاودێران پێیان وایە كە هەولێر و بەغدا هەنگاوی باشیان ناوە بۆ چارەكردنی گرفتەكانی نێوانیان..دەشڵێن، دەبێ هەردوولا بگەنە ڕێككەوتنی نوێ، ئەمە لە كاتێكدایە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق پێشنیاری كردووە گفتوگۆكان لەگەڵ هەولێر بە شێوەی ئەرێنی بەردەوام بن و ئامادەییشی نیشان داوە بۆ چارەسەری گرفتەكان.

ئەو گرفتانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، بریتین لە پرسی ماددەی ١٤٠ و بوودجەی هێزی پێشمەرگە و پرسی نەوت و گاز كە لە ساڵی ٢٠١٠ سەریان هەڵداوە. چاودێران پێیان وایە بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا نەیتوانیوە بەسەر گرفتەكاندا زاڵ بێت و دەستووری وەك بنەمای گرفتەكان بەكار نەهێناوە، بۆیە گرفتەكان وەك خۆیان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەرۆك بارزانی لە ساڵی ٢٠١٠ دەستپێشخەری بۆ چارەی گرفتەكانی عێراق كردووە و دوای ئەویش سێ ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا كراوە، كە گرنگترینیان ڕێككەوتنی ١٩ خاڵی بوو لە نێوان هەردوولا.

د. ئازاد نەقشبەندی, مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی گوتی: "هەولێر و بەغدا دەتوانن گرفتەكانیان چارە بكەن, بەتایبەت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت جۆرێك لە هاتنەپێشەوە بۆ چارەسەری پرسەكان هەیە، دەبێ بەغداش لەوە تێبگات كە ئەگەر بێت و لەگەڵ كوردستان گرفتەكانی چارەسەر بكات دەتوانێت حكوومەتێكی بەهێزی هەبێت، چونكە ناكرێت بەو عەقڵیەتە و بەو ڕابردووەوە دووبارە ئیدارەی وڵات بدرێت، دەبێ بەغدا سەرجەم ئەو گرفتانەی هەیە چارەسەریان بكات، بەتایبەت پرسی پێشمەرگە و بوودجە و دەستووری عێراق كە ئێمە گرفتمان لەگەڵیان هەیە، ئومێد هەیە بۆ ئەوەی بەم كەشە ئارامە سیاسییەوە بگەنە ڕێككەوتن".

د. ئازاد نەقشبەندی گوتیشی: "یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی گرژیی هەردوولا زیرەكی و سەركەوتنی سەرۆك بارزانییە بەسەر گرفتەكانی نێوان هەردوولادا بە جۆرێك چوونی بارزانی بۆ بەغدا ئەو ترسەی ڕەواندەوە كە بەغدا پێی وابوو لەگەڵ هەولێر ناگەنە ڕێككەوتن".

د. ئازاد نەقشبەندی ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دۆستێكی دێرینی كورد بووە و لە سەردەمی بەڕێوەبردنی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ڕۆڵی خراپ نەبووە."

ئیسلام حوسێن, پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شرۆڤەكاری سیاسی، گوتی: "چاوەڕوان دەكرێت بەغدا هەنگاوی دیكە بێتە پێشەوە بە مەرجێك ئەو هەنگاوانە بۆ ئەوە بێت كە نیەتپاكیی خۆی بۆ كوردستان دەربخات، بۆ ئەمەش زۆر ڕێگا هەن کە بەغدا بیانگرێتەبەر، لەوانە ناردنی بوودجەی كوردستان و چاكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی عێراق و هێنانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و هەنگاونان بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە، ئەمانە هەنگاوی سەرەتایین، بەڵام گرنگن بۆ داهاتووی هەردوولا و هیوادارین بەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بەغدا گۆرانكاریی لە سیاسەتی خۆیدا كردبێت، چونكە ناكرێت بە هەمان بیركردنەوەی ڕابردووەوە بێنەوە سەر مێزی دانوسان و، باوەڕی وایە کە عادل عەبدولمەهدی ئەمە دەكات، چونكە بەشێكی زۆری كابینەكەی پێك نەهێنراوە و فشارێكی زۆریشی لەسەرە، ئەمانە كۆسپن لە بەردەم دەستئاواڵاییی حكوومەتەكەیدا و ئەگەر بێت و كورد بە جددی لەو كابینەیەدا پشتیوانی نەكات، ڕەنگە ئەركی سەرشانی قورستر ببێت".

ئیسلام حوسێن ئەوەیشی خستە ڕوو: "چاوەڕوان دەكرێت شاندی سیاسیی هەولێر دووبارە سەردانی بەغدا بكاتەوە و زۆر گرنگە بەغداش بەردەوام شاند بۆ كوردستان بنێرێت، تا لە نزیكەوە گوێیان لە داواكاریی یەكتری بێت، چونكە بەغداش لەم قۆناغەدا پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەنەكان پشتگیری و پشتیوانیی بكەن تا حكوومەتێكی بەهێز بێتە كایەوە."











باسنيوز
Top