ئەگەر هەیە پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بڵاوەیان پێ بکرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ١٢ی ٢٠١٨ لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی کە ئەمریکا گەیشتووەتە چارەسەرێکی مامناوەندی لە نێوان تورکیا و یەپەگە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئەمریکا پەنا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دەبات، تاوەکوو بە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکا، سنوورەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بپارێزن.
ڕوونیشی کردەوە کە بۆ ئەم مەبەستە، هەزاران پێشمەرگەی ڕۆژئاوا کە ئێستا لە خاکی هەرێمی کوردستاندان، دەگوازرێنەوە بۆ سنوورەکانی نێوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەمەش بە پشتیوانی و ڕەزامەندیی ئەمریکا و بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرژییەی کە لەم ماوەیەدا هاتووەتە ئاراوە.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە کە ئەگەر هەیە لە چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژێکی کەمی داهاتوودا، یەکەمین پۆلی پێشمەرگەکانی رۆژئاوا کە ژمارەکەیان ٤٠٠ پێشمەرگە دەبێت، بگەیەندرێنە ناوچەکە و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنی تورکی ڕەزامەندی دەربڕیوە، پاشانیش چەندان پۆلی دیکەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە سەرجەمیان ژمارەیان دەگاتە ٨ هەزار پێشمەرگە و چەک و پێویستیی سەربازیش لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.
هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە گەنجانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پێکهاتوون کە پێشتر لە ڕیزەکانی سوپای رژێمی سووریا لە پاش شۆڕشی سووری، جیابوونەتەوە. لەم ماوەیەشدا لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەها بە هاوکاری و سەرپەرشتیی شارەزایانی ئەورووپی و بیانی، مەشق و راهێنانیان پێ کراوە و لە شەڕەکانی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستاندا بەشدارییان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو، یەپەگە هەرچەندە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە عەرەبییەکان لە چوارچێوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا کردووە، بەڵام گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان ڕەت کردووەتەوە.
بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی فورات بەو ئامانجەیە کە تورکیا هیچ پاساوێکی نەمێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان.
باسنيوز
