تورکمان: بۆ وەرگرتنی پۆستەکانمان پارتی ئامادەیە پاڵپشتیی ئێمە و مەسیحییەکان بکات
محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی فراکسیۆنی گەشەپێدانی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕايگەیاند: "وەک حزبە تورکمانییەکان، پاکێجێکمان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت و پەرلەمان ئامادە کردووە، داوای یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکی حکوومەت و پەرلەمانمان کردووە، ھەروەک چۆن یەکێتی و گۆڕان وەک دوو لایەنی سەرەکی دەیانەوێت لە حکوومەت بەشدار بن، تورکمانەکانیش وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی دەیەوێت بەشدار بێت".
ڕوونیشی کردەوە، پارتی حکوومەت پێکدێنێت و پێویستە یەکێک لە جێگرەکان بە تورکمانەکان بدرێت، ”ئێمە سوورین و پێداگری لەسەر داوکارییەکەمان بۆ وەرگرتنی جێگری دووەمی سەرۆکی حکوومەت یان پەرلەمان دەکەین، یەکێتی و گۆڕانیش وەک چۆن بۆ خۆیان ھەوڵ دەدەن، دەبێ بزانن تورکمانەکانیش لایەنێکی سەرەکین و دەبێ پاڵپشتیمان بکەن“. هاوکات داوای لە هەردوو حزب کرد، هاوکاریان بن بۆ ئەوەی پێکھاتە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان لەم بابەتە مافی خۆیان پێ بدرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پێکهاتەی تورکمان ئاشکرای کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە پاڵپشتی لە هەردوو پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی بکات، تاوەکوو بەشداری لە پێکھاتەی سیاسی و ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بکەن.
باسنيوز
