گۆڕان: مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەهێزی هەیە و دەتوانێ هەنگاو بۆ چارەسەری گەندەڵی بنێت

 گۆڕان: مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەهێزی هەیە و دەتوانێ هەنگاو بۆ چارەسەری گەندەڵی بنێت
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەھێزی ھەیە و کەس ناتوانێ دەستی بگرێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و دەتوانێ ھەنگاو بۆ چاکسازی بنێت. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە یەکێتی سلێمانی و کۆیەی سزا داوە.





چالاک موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیاند:" بزووتنەوەی گۆڕان، وەکو لایەنێکی سیاسی کێشەی عەشایەری و شەخسی و حزبی لەگەڵ کەس و لایەنێکدا نییە، ئەگەر پێشتر ئێمە کێشەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی ھەبووبێت، تەنھا کێشەی بیرکردنەوەی جیاواز و سیستەممان ھەبووە، کاتی خۆشی لە بەینی کورد و عەرەبدا خوێن ڕژاوە و کیمیاباران و ئەنفال کراوین، بەڵام سەرئەنجام کورد جارێکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دانیشتەوە”.



جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بڕیاری دا بەشداری کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەوە “بەلای ئێمەوە گرنگە، دەستوور و سیستەمێک بۆ ئەم وڵاتە دابنێین کە خۆی لە سیستەمی پەرلەمانیدا ببینێتەوە، تاوەکوو بتوانین ھاوشێوەی وڵاتانی دیکە، بەھۆی ئەو سیستەمەوە بەرەوپێشەوە ھەنگاو بنێین”.



موهەندیس بە پێویستی دەزانێت، کاری حکوومەت خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بێت و کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات.



ئەوەشی ئاشکرا کرد: “خۆم قسەم لەگەڵ چەند کەسێکی وەفدە دانوستاکارەکەی گۆڕان لەگەڵ پارتی کردووە و بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڕوانم”.



ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر تائێستا حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دەستی گیرابێت، ئەوا “لەمەودوا ناتوانرێت دەستی مەسرور بارزانی بگیرێت، دواجار مەسرور بارزانی پێگەیەکی بەھێزی ھەیە، بۆیە ئەگەر بیەوێت، دەتوانێ خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و ھەنگاویش بۆ چارەسەری گەندەڵی بنێت”.



بە بڕوای سەرکردەکەی گۆڕان، بەهۆی ئەوەی یەکێتی دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا هەیە و دواتریش خەڵکی دەنگیان بە یەکێتی نەداوەتەوە، بۆیە “یەکێتی خەڵکی سلێمانی سزا داوە”. هاوکات داوا دەکات کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی، خزمەتی ھەموو شارەکانی کوردستان بکات.





چالاک موھەندیس، باسی لەوەش کرد، گۆڕان حزبێکی سیاسییە و خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆیەتی، “ئێمە بۆ خۆمان دەزانین چی دەکەین و چی ناکەین”. گوتیشی: “چارەسەری کێشەکان تەنھا لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکرێت”.



باسنيوز
Top