ئازیزی: مەترسییەكی گەورە لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان ھەیە

ئازیزی: مەترسییەكی گەورە لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان ھەیە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێ، مەترسییەكی گەورە لەسەر رۆژئاوای كوردستان ھەیە، چونكە توركیا لەگەڵ ١٤ھەزار چەكداری سوپای ئازادی سووریا، لەسەر سنوور خۆیان ئامادە كردووە ھێرشی سەر ڕۆژئاوا بكەن.

د. كاوە ئازیزی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە رۆژئاوای كوردستان مەترسییەكەی گەورە ھەیە و خەڵك ھەست بە ترسێكی زۆر دەكەن، چونكە توركیا لەسەر سنوور ھێزی كۆ كردووەتەوە لەگەڵ ١٤ھەزار چەكداری سوپای ئازاد، بۆ ئەوەی ھێرشی سەر رۆژئاوای كوردستان بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەمەریكا رێگری دەكات و توركیایش سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر پەكەكە لە رۆژئاوا بوونی ھەبێت، وەك عەفرین ھێرشی دەكەنە سەر و داگیری دەكەن".

ئازیزی گوتیشی، پێشنیازێك كراوە و ئەمەریكایش لە ھەوڵدایە، كە ئەنەكەسە و پەیەدە و حیزبەكانی رۆژئاوای كوردستان پێكەوە رێككەوتنێك بكەن، پەیوەندی لەگەڵ قەندیل و پەكەكەدا ببڕن و ھەرچی چەكداری پەكەكەیش لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە، بگەڕێنەوە بۆ قەندیل، بەمەیش توركیا بیانووی ھێرشكردنی نامێنێت، بەڵام تاوەكو ئێستا پەیەدە ئەمەی قەبووڵ نەكردووە، چونكە بڕیاری ئەوان لە دەست قەندیلە و پەیەدەیش بەشێكە لە پەكەكە.

دەشڵێ، پێویستە پەیەدە ئەمە قەبووڵ بكات، بۆ ئەوەی ئەو كات ئەمەریكاش ڕازی نەبێت توركیا ھێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا بكات، ئەگەرنا مەترسییەكە زۆر گەورەتر دەبێت.
kdp-
Top