پیلانێکی مەترسیدار لە دژی کورد لە کەرکووک دانراوە

 پیلانێکی مەترسیدار لە دژی کورد لە کەرکووک دانراوە
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی، لە کەرکووک پیلانێکی مەترسیدار دانراوە لە دژی کورد، ئەویش دروستکردنی بازنەیەکە بە دەوروبەری کەرکووکدا بۆ ئەوەی کوردەکان لەوێ دەربکرێن و عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەن و ئێستا لە چەند ناوچەیەک پیلانەکە جێبەجێ دەکرێت.



عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _ گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کەرکووک پیلانێکی مەترسیدار دژی کورد دانراوە، بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانە دەر بکەن و عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەن و قۆناغی یەکەمی پیلانەکەش وەرگرتنەوەی زەوییە لە جووتیارە کوردەکان لە سنووری قەزای داقووق و دواتریش دەرکردنیان، بۆیە بەردەوام کێشە بۆ جووتیارە کوردەکان دروست دەکەن بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ناوچەکانیان جێ بێڵن و عەرەب لە شوێنیان دابنێن."



عەدنان کەرکووکی گوتی: "لە داقووق دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە کراوە و دواتریش دەچێتە ناوچەکانی دوبز و لەیلان و ناوچەکانی دیکە، چونکە ئەوان دەیانەوێت بازنەیەک بە دەوروبەری کەرکووکدا دروست بکەن و ناوچەکە بە تەواوی لە کورد چۆڵ بکەن و تەعریبی بکەن."



عەدنان کەرکووکی دەشڵێ: "پێویستە سەرکردایەتیی کورد بێتە دەنگ و نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بێدەنگ نەبن، چونکە پرۆسەی بەعەرەبکردن بەچڕی لە سنووری کەرکووک دەستی پێ کردووە و ئەگەر پلانەکەیان سەر بگرێت لە سنووری ناوچەی دارەمانەوە بۆ ڕێگای کەرکووک _ ھەولێر شۆڕ دەبنەوە، بۆیە ناکرێت چیی تر بێدەنگی لەو پرۆسە و پلانە بکرێت."

ئاماژەیشی دا: "جگە لەوە، لە ناوخۆی کەرکووکیش فشارێکی زۆر لە کورد دەکرێت بۆ ئەوەی ناچار بن خانووەکانیان بفرۆشن و شارەکە چۆڵ بکەن و لەم پیلانە مەترسیدارتر نییە، بۆیە ھەرچۆنێک بێت پێویستە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پلانەکە بکرێت."

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: "سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێویستە بەرپرسیارەتیی ئەو مەترسییە لەئەستۆ بگرن و پێویستە دادگایی بکرێن بۆ ئەوەی چیی تر ھیچ کوردێک خیانەت نەکات و جارێکی دیکە کارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە."
kdp -
Top