ئەمڕۆ ڕێگای سحێلا و سبەینێش ڕێگای زوممار دەکرێتەوە

	 ئەمڕۆ ڕێگای سحێلا و سبەینێش ڕێگای زوممار دەکرێتەوە
بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕۆژاوای شنگال گوتی، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگای سحێلا بۆ شنگال کرایەوە و بڕیارە سبەینێش ڕێگای زوممار بکرێتەوە، بەڵام بە ھۆی نەبوونی ئەمنییەت لە دیوی ھێزە عێراقییەکانەوە کردنەوەی ڕێگاکان تەنیا بە ڕۆژ دەبێت و شەوانە دادەخرێن.



عەمید ئاشتی کۆچەر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕۆژاوای دیجلە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی سێ مانگ دانوستان لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ کردنەوەی ڕێگاکان ئەنجام درا، دواجار ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگاکە بە ڕووی ھاووڵاتییاندا کرایەوە و ھاووڵاتییان ڕۆژانە دەتوانن لەو ڕێگەیەوە ھاتوچۆ بکەن."



عەمید ئاشتی کۆچەر گوتیشی: "ئەو ڕێگایە ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەکو سەعات حەوتی ئێوارە کراوە دەبێت و شەوانە دادەخرێت، چونکە شەوانە ڕێگای دیوی ھێزە عێراقییەکان ھیچ ئەمنییەتی لێ نییە و ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن، بۆیە ئەوکاتەی دەبێتە شەو دادەخرێن."



کۆچبەر باسی لەوەش کرد: "بڕیارە دوای کردنەوەی ڕێگای سحێلا سبەی بەفەرمیی ڕێگای زومماریش بکرێتەوە."
kdp -
Top