لیستی برایەتی: لە كەركووك هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری جێبەجێ ناکرێت
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەمڕۆ شەممە 15/12/2018، ڕایگەیاند: "ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە كەركووك ئەنجام نادرێت و ئەگەر پڕۆژەش هەبێ هەر پڕۆژەكانی پێش 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووە و جێبەجێ دەكرێت، هەروەها كەركووك لەڕووی خزمەتگوزارییەوە زۆر وێنرانە".
دوای ئەوەی راكان جبوری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند كە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بەرنامەی پرۆژەكان ڕەوانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەكەن.
لە بەرامبەردا محەمەد كەمال، گوتی: "لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژەکان، هیچ پڕۆژەیەك نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك خۆی ڕاستەخۆ بڕیار لەسەر هەموو شتێك دەدات".
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار كەركووكیان داگیر كرد و لەو كاتەوە جگە لەوەی دۆخی ئەمنیی پارێزگاكە تێك چووە و لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە پشتگوێ خراوە.
باسنیوز
