لە ھەولێر دوو کەس بەھۆی ڕووداوێکی ھاتوچۆ گیانیان لەدەست دا
موقەدەم فازڵ حاجی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر لە ھەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: "کاتژمێر 11ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 15/12/2018، لەسەر ڕێگای سەرەکیی ھەولێر - کەرکووک و لەنزیک گوندی شێراوە، دوو بارھەڵگری سووتەمەنی پێکیاندادا کە بەرەو کەرکووک دەڕۆیشتن".
باسی لەوەش کردووە: "لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا ھەردوو بارھەڵگر بە شۆفێرەکانیانەوەش سووتان، کە لە دوای ڕووداوەکە ڕێگایەکەش بۆ ماوەیەکی کاتی گیرا، تا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان دامرکاندەوە".
گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر دەشڵێت: "تا ئێستا ناسنامەی شۆفێرەکان دیار نییە کە خەڵکی کوێن، چونکە ھەموو شتیک بووتە خەڵووز بە جەستەی شۆفێرەکانیشەوە"، لەبارەی ھۆکاری ڕووداوەکەش ڕوونی کردووەتەوە: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، ھەوڵی یەکێک لە بارھەڵگرەکان بووە بۆ پێچکردنەوە و گەڕانەوە بەرەو ھەولێر، لە شوێنێکیش کە شوێنی پێچ نییە، ئەمەش وای کردووە بکەوێتە سەر ڕێڕەوی تانکەرەکەی دیکە و خۆی پیابکێشێت".
ھەر چەندە موقەدەم فازڵ حاجی ئاماژەی بەوە داوە کە ھەردوو شۆفێری بارھەڵگرەکە گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لە چەند میدیایەکدا باس لەوە دەکرێت، کە سێ کەس بەھۆی ئەو ڕووداوەوە گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
