سەرۆک بارزانی: لە دوای ٢٠٠٣ پرۆسەی سیاسیی ئیستا باشترین دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

 سەرۆک بارزانی: لە دوای ٢٠٠٣ پرۆسەی سیاسیی ئیستا باشترین دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
ڕۆژی شەممە 15ـی 12ـی 2018 لە سەلاحەددین، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە نوێنەرانی پارێزگاكانی ناوەند و ڕۆژئاوای عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لەو دیدارەدا كە فازڵ میرانی، سكرتێر و مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پەرەسەندنەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی حكوومەتی تازەی عێراق و تەحەدیات و كێشەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە دواكەوتنی تەواوكردنی كابینەی وزاریی تازەی عێراق، كێشەكان قووڵتر دەكاتەوە و عێراق ڕووبەڕووی ئەگەری نادیار دەكاتەوە. هەروەها تەئكیدیش لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی پارسەنگی لە دامەزراوەكانی حوكمڕانێتی و كەرتی ئەمنی و سەربازی كرایەوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكان و خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ڕاگەیاند. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە لەدوای 2003، پڕۆسەی سیاسیی ئێستا، باشترین دەرفەت بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و بنیاتنانی متمانەی نێوان لایەنەكان.

بارودۆخی ئەمنی و ئیداریی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی ئەو پارێزگایە، تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.












باسنيوز
Top