مەسرور بارزانی و محەمەد حەلبوسی کۆبوونەوە
لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر تاوتوێ کران.
لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیی کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئامادەیی خۆی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر دەربڕی.
هەر لەو دیدارەدا ئەرکی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەدواداچوونی پرسەکان بە گشتی، بەتایبەتیش پرسی بودجە و دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ماددەی 140، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
مەسرور بارزانی جەختی لە سەر خواستی هەرێمی کورستان بۆ چارەسەری گشت کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە بەربەستی کێشە لەمێژینەکان تێپەڕێنین و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە ئیتر رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و تەنیا بەو شێوەیە دەتوانین بەرەو داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتنی وڵات هەنگاو بنێین.
هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنی و سیاسی و ئابورییەکان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
