پارتی: ئەم هەفتەیە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئەنجام دەدرێت
عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: "ئەم ھەفتەیە ھەندێک کۆبوونەوەی سیاسی و ئامادەکاری بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئەنجام دەدرێن“.
لەبارەی ئەو لایەنانەشی کە ئامادەن بەشداری لە حکوومەت بکەن، ڕاوێژکارەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی نەیشاردەوە: ”تا ئێستا ئەوەی ئاشکرایە، یەکێتی و گۆڕان ئامادەی بەشداریکردن لە حکوومەتن، لە کۆبوونەوەکانیشدا دەچنە ناو وردەکاریی ئەو بابەتەوە".
ڕوونیشی کردەوە، پارتی دەیەوێت ڕۆژێک زووتر حکوومەت پێکبھێنرێت، لەبەر ئەوەی حکوومەت ھی خەڵکە و خەڵکیش چاوەڕێی چارەسەرکردنی گرفتەکانیەتی. بۆیە ”ھەوڵەکانمان لەپێناو ئەوەیە کە لایەنەکان بە ھیمەت بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێکبکەوین لەسەر دامەزراندنی کابینەی نوێ، ئەوەی بیستوومانە، ئەو لایەنانە پێویستییان بە ڕاوێژە لە نێوان خۆیان، واتە کێشەکە زیاتر لەسەر لایەنەکان خۆیان وەستاوە".
باسنیوز
