بەرپرسێکی پارتی: پێکهاتەکانی عێراق داوای دیداری سەرۆک بارزانی دەکەن "سەردانەکە لە سەر ئاستی شەقام
شوان محەمەد، بەرپرسی لقی ٥ی پارتی لە بەغدا "لە دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و گەڕانەوەی، سێ ڕۆژ لەدوای یەک، ژمارەیەکی زۆر لە عەشایەری عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دیوانییە، سەردانی ئێمەیان کرد، داوای بینینی سەرۆک بارزانییان دەکرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەردانەکە ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی شەقامیش هەبووە".
بەرپرسەکەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "دەتوانین بڵێین سەردانەکەی سەرۆک تەنیا بابەتێکی سیاسیی نەبووە، بەڵکوو لەسەر ئاستی شەقامیش دەنگدانەوەی زیاتری هەبووە".
لەبارەی وادەی سەردانی لایەنە سیاسی و عەشایەرییەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ لای سەرۆک بارزانی، شوان محەمەد ئاماژەی بەوە کرد: "ناتوانم ئەو کاتە دیاری بکەم، لەبەر ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پێکهێنانی حکوومەتە، بەڵام سەردانە کەسییەکان بەردەوامن".
ڕوونیشی کردەوە: "لایەنە سیاسییەکان بە ئاشکرا ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی ڕوون و ئاشکرایە و دەزانین چۆن بیر دەکاتەوە و هەڵوێستی جێگیرە، هەروەها ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکات".
شوان محەمەد گوتیشی: "سەرۆک بارزانی ڕای گەیاندووە کە ئامادەی لێکتێگەیشتنە لەسەر هەموو شت، هەروەها هێرش ناکەینە سەر خەڵک و ئەگەر هێرشمان بکەنە سەر بەرگری لە خۆمان دەکەین، هەموو دەرگاکانیش بۆ گفتوگۆ دەکەینەوە، بەڵام لەسەر بنەما گشتییەکانی کوردستان و ڕەهەندە نیشتمانییەکان سازش ناکەین".
bas news -
