پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە پەرلەمان و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەکات
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای کردووە کە بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بەجیا چاوی کەوتووە بە هەشت پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمان.
ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە تەوەرێکی سەرەکی ئەو دیدارانە بریتی بووە لە گەیاندنی زانیاری بە پەرلەمانتاران سەبارەت بە دوا پێشهاتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئاژگەیی ڕوونیشیکردووەتەوە کە پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و گەلی کوردستان، هاوکات پێشوازیان لەو هەوڵانە کردووە کە پارتە سیاسییەکان لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ناویانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان، لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەورووپی باس لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا کراوە.
لە کۆبوونەوکاندا دلاوەر ئاژگەیی ڕایگەیاندووە"ئەم خولەی نوێی پەرلەمانی کوردستان خوازیارە کارایانە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا توندوتۆڵتر بکات. پەرلەمانتارانی ئەوروپی بە گشتی خۆشحاڵییان لەو گۆڕانکارییە دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانن لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان. هەر لەو بارەیەوە گرنگیی سەردانی دوولایەنە جەختی لێکراوەتەوە.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکانی شاندی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بریتی بووە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنی و مرۆیی عێراق و سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پرۆسەی بەعەرەبکردنەوەی کەرکوک کە هەموو ئەوانە کاریگەری نێگەتیڤیان لە سەر سەقامگیری و پێکەوەژیان هەیە لە عێراقدا.
لە لێدوانێکدا دلاوەر ئاژگەیی ڕایگەیاند: ''زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سەرکەوتوومان لەگەڵ پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپا لە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەنجامدا. بە تایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی کە ڕێکخەرن لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان و کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و هەڵوێستی پەرلەمانی ئەورووپا هەیە''.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند: ''بە خۆشحاڵییەوە دەبینین پەرلەمانتارانی ئەوروپی دیدێکی پۆزەتیڤیان بەرامبەر دواگۆڕانکاری و پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان هەیە و پێیان ڕاگەیاندین کە هیواخوازن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی نوێی هەرێمی کوردستان پتر بەرەوپێش ببەن''.
bas news -
