توركمان بە یەك شاند و یەك پاكێج گفتوگۆ دەكەن
سەرجەم حزبە توركمانییەكان، بڕیاریان داوە كە لیژنەیەكی باڵا دروست بكەن بۆ پێشوازیكردن لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەبەستی دانوستان سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەت.
وەك خۆیان دەڵێن، ئەو شاندە پاكێجێكی پێیە بۆ پارتی كە سەرجەم داواكارییەكانی توركمانەكان لە خۆ دەگرێت، بڕیاریش وایە ئەو پاكێجە لە كۆبوونەوەی یەكەمدا پێشكەش بكرێت.
محەممەد سەعدەددین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: " لیژنەی باڵای دانوستانەكە پاكێجێكی پێیە، كە خۆی لە چەند خاڵێكدا دەبینێتەوە و رادەستی شاندی پارتی دەكرێت، خاڵەكانیش باس لە چۆنیەتیی بەشداریی توركمانەكان دەكەن لە سیستمی حوكمڕانیی كوردستان و حكوومەت و پەرلەمان، بە جۆرێك داوامان كردووە كە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە توركمان، هەروەها راوێژكاری توركمان لە ئەنجوومەنی وەزیران هەبێت و یەكێك لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانیشمان بەر بكەوێت".
سەعدەددین گوتیشی: "لەبەرنامەی پارتیدایە بۆ خولی دووەمی گفتوگۆكان سەردانی توركمانەكان بكات، ئێمەیش پێشوازییان لێ دەكەین، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە و لە داهاتوویشدا پشتگیری لە كابینەی حكوومەت دەكەین".
بە بەرەی توركمانییشەوە، توركمانەكان لەسەر پاكێجێك رێك كەوتوون كە چۆن باس لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت بكرێت، "پێمان وایە دەبێت ئێمە وەك نەتەوەی دووەم لە كوردستان رۆڵی بەهێزمان لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت". ئەمە قسەی سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان بوو.
kdp -
