ئەمەریكا دەخوازێت هەرێمی كوردستان بخاتە چوارچێوەی ستراتیژی ئاساییشی وزەوە؟

	 ئەمەریكا دەخوازێت هەرێمی كوردستان بخاتە چوارچێوەی ستراتیژی ئاساییشی وزەوە؟
سەردانەكەی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان، لە زۆر لایەنەوە خوێندنەوەی بۆ كراوە و مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكانیش دەڵێ، سەرۆك بارزانی وەك كاراكتەرێكی سیاسیی گرینگی كوردستانی و فاكتەری وزە (نەوت و غاز)، بووەتە ھۆی ئەوەی كە پێگەی ھەرێم بەرز ببێتەوە.

گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ھەروەھا عێراق، ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە كە وەزیری وزەی ئەمەریكا "ریك پێری"، بە چەند ئامانجی سەرەكیی سەردانی عێراق و ھەروەھا ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانیدا كۆ بووەوە.

پەروێز ڕەحیم، مامۆستای زانكۆ، ئاماژە بە گرینگترینیان دەكات و دەڵێ: "ئامانجەكانی سەردانەكە، بریتین لە دروستكردنی ھەماھەنگی و لێكنزیكبوونەوەی زیاتر لە نێوان ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لەلایەك دەربارەی دووركەوتنەوە لە ئێران و كەمكردنەوەی نفووزی ئەو دەوڵەتە و لەلایەكی ترەوە بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراق و پەیوەندی لەگەڵ سەقامگیری و ئاساییشی عێراق، بە تایبەتی لە پاڵپشتی لە كابینەی نوێی عێراق و چارەكردنی پرسەگەلی جێگەی ناكۆكی، بە تایبەتی وزە."

سەبارەت بە سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ڕووی سیاسییەوە، پەروێز ڕەحیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەند: "سەردانەكە، بۆ پاراستن و دەستەبەركردنی ئاساییشی وزەیە، بەو مانایەی كە لە ئێستادا بەردەوامبوونی ھەناردەكردنی نەوت و گاز لە ناوچەكە بەپێی ستراتیژی ئیدارەی ترامپ لە ئەمەریكا لە ھەمبەر كۆماری ئیسلامی و لەم رێگەیەوە رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیھانییەكان. ھەروەھا، دووپاتكردنەوەی ھاوپەیمانی و نزیكی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و گرینگیی پێگە و رۆڵی ھەرێمی كوردستانە وەك ئەكتەرێكی كاریگەر لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریكا و جەنگی دژی تیرۆر، بەڵام پێگەی جیۆئیكۆنۆمیكی ھەرێمی كوردستان وادەكات كە لە ئێستادا بتوانێت رۆڵێكی كاریگەر لە ھاوكێشەكانی وزەی جیھانیدا ببینێت. بۆ نموونە پرسی نفووزی ڕووسیا لە ناوچەكە بە گشتی و لەرووی ئاساییشی وزەوە، یەكێكە لەو رەھەندانە كە لەلای ئەمەریكا جێگەی بایەخە."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان، دەشڵێت: "ئەمەریكا دەخوازێت ھەرێمی كوردستان لەرووی ئابووری و بە تایبەتی وزەوە، لە چوارچێوەی ستراتیژی ئاساییشی وزەی ئەمەریكادا خۆی ببینێتەوە. بەو واتایەی كە رووسیا لە ھەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە، بۆیە ئەم دیدارەی نێوان سەرۆك بارزانی و وزەیری وزەی ئەمەریكا، بێجگە لەوەی لە رووی سیاسییەوە ددانپێدانانە بە رۆڵ و پێگەی ھەرێمی كوردستان و لەم نێوەندەیشدا بارزانی وەك كاراكتەرێكی گرینگی كوردستانی، هەروەها ددانپێدانانێكیشە بەوەی كە بە بێ ھەرێمی كوردستان ئەمەریكا ناتوانێت لە عێراقدا سەركەوتوو بێت، یاخود لە سزا و ئابڵووقەكانی سەر ئێران سەركەوتوو بێت، چونكە لە بەرانبەریشدا ئێران ھەوڵ دەدات كە لە رێگەی عێراق و ھەرێمی كوردستانەوە سزا و ئابڵووقە و گوشارەكانی ئەمەریكا بە تایبەتی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە، كەم بكاتەوە."

ڕەحیم، گوتیشی: "فاكتەری وزە (نەوت و غاز)، بووەتە ھۆی ئەوەی كە پێگەی ھەرێم بەرز ببێتەوە و لە ھاوكێشە ژیۆئێكۆنۆمیك و ئاساییشییە ناوچەیی و تەنانەت نێونەتەوەیییەكانیشدا حیسابی بۆ بكرێت، ئەمەیش بۆ ھەرێم بووەتە خاڵێكی بەھێز، بەڵام لە ھەمان كاتدا لە لایەن ئێرانەوە بە ھەڕەشە ھەژمار دەكرێت. ئابووریی ئێران گرێدراوی داھاتی ھەناردەكردنی نەوت و غازە و، ھەندێك جار ئەمەی وەك كارتی گوشار لە ھاوكێشە سیاسییەكاندا بەكار ھێناوە، بەڵام بە ھۆی ئابڵووقەكانی سەر ئێران و بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئێران لە ناوخۆ و تێچووە سەربازییەكانی ئێران لە ئاستی ناوچەییەوە، پێویستی بە داھاتی زیاترە لەم بوارەدا، بەڵام بە ھۆی ئەوەی كە سەرەكیترین سەرچاوەی داراییی ئێران ھەناردەكردنی نەوت و غازە، دەوڵەتانی تر ئەم خاڵە وەك كارتی گوشار دژی ئێران بەكار دێنن. باشترین نموونەیش سیاسەت و ھەڵوێستی سعوودیایە لە ھەمبەر سیاسەتی نەوتی كۆماری ئیسلامیی ئێران".

ئەو ئاماژەیشی دا: "ھەرێمی كوردستان وەك ڕكابەری ئێران و جێگرەوە بۆ وڵاتانی بەكارھێنەری نەوت و غازی ئێران هەژمار دەكرێت، بە تایبەت لە توركیا و یەكێتیی ئەورووپادا لە ڕووی غازی سرووشتییەوە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی گرینگ دەبینێت، ئەم فاكتەرە وا دەكات كە ئێران بێجگە لە زیانی ماددی، لە ڕووی سیاسی و تەنانەت ئاساییشییەوە زەرەرمەند بێت، یەكێتیی ئەورووپایش پێویستیی بە ئێران كەمتر دەبێتەوە و ئەمە بۆ توركیایش ڕاستە."

پەروێز ڕەحیم لەسەر ئەو باوەڕەیە، كوردستانێكی بەھێز و ھەماھەنگ و بێ كێشە لەگەڵ بەغدا، دەتوانێت بەرژەوەندەیییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا دەستەبەر بكات و، لەلایەكی دیكەیشەوە ستراتیژی ترامپ لە ھەمبەر نفووزی ئێران لە عێراق و سەپاندنی سزا و گوشارەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، جێبەجێ بكات.

ئەو جەخت دەكاتەوە لەوەی كە "ھەرێمی كوردستان ئاڵقەی ناوەندیی ئەم ستراتیژییەیە لە ناوچەكەدا."

بە خوێندنەوەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ "لە روانگەی ئەمەریكاوە دەبێت ھەرێمی كوردستان سەقامگیر و بەھێز بێت و ئاساییشی ھەناردەكردنی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان و عێراق بەردەوام بێت". ئەو گوتیشی: "ھەر كێشەیەك لەم نێوەندەدا، ئەمەریكا و بازاڕی جیھانی و ستراتیژی ترامپ تووشی گرفت و بەربەست دەكاتەوە. بە كورتی ئەمەریكا ناخوازێت ھەرێمی كوردستان لە ئێران نزیك ببێتەوە، بۆیە ھەرێمی كوردستان بە گشتی و سەرۆك بارزانی بە تایبەت، ئەو كەسە خاوەن نفووز و بەھێزەیە كە سەرەڕای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و دڕدۆنگیی كورد لە ھەمبەر ئیدارەی نوێی ئەمەریكادا، دەتوانێت پشتی پێ ببەسترێت."'
kdp -
Top