پسپۆڕێكی بواری وزه‌: وڵاتانی دنیا چاویان له‌ نه‌وت و غازی كوردستانه‌

پسپۆڕێكی بواری وزه‌: وڵاتانی دنیا چاویان له‌ نه‌وت و غازی كوردستانه‌
پسپۆڕێكی بواری وزه‌ ده‌ڵێ، زۆربەی حکوومەت و کۆمپانیا جیاجیاکان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە وەک ناوچەیەکی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرینگی بە هەرێمی کوردستان دەدەن، لە هەمان کاتدا لە ڕووی ئابووریشەوە بووەتە جێگەی سەرنجیان و ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنان له‌ بواری وزه‌ی كوردستاندا بكه‌ن.



شاڵاو عه‌بدولخالق، پسپۆڕی بواری وزه‌ به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەرچاوە سروشتییەکانی وزە و کەرتی ئابووری بەگشتی، هۆکارێکی سەرەکین بۆ بەرەوپێشبردنی بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهان لە ڕووی سیاسی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئارامییەوە. هەرێمی کوردستانیش، وەک یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی خاکە بەپیتەکەی و ئەو بڕە نەوت و گازە زۆرەی کە تێیدا کۆ بووەتەوە، ماوەیەکی زۆرە بووەتە ناوچەیەکی گرنگ لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمییەوە بۆ زۆربەی ووڵاتانی جیهان. هەربۆیەش زۆربەی حکوومەت و کۆمپانیا جیاجیاکان، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە وەک ناوچەیەکی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدەن، لە هەمان کاتدا لە ڕووە ئابووریشەوە بووەتە جێگەی سەرنجی ئەوان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەوڵ دەدەن بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان و بووژانەوەی ژێرخانە ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی گشتی و کەرتی نەوت و گازەکەی بەتایبەتی".




شاڵاو عه‌بدولخالق دەشڵێ: "هەربۆیە دەتوانین بڵێین لە ماوەی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو کەموکووڕی و ڕەخنە و قەیرانانەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، کاری باشیش کراوە. بەڵام هەنگاونان بە شێوەیەکی ستراتیجی بۆ دروستکردنی کوردستانێکی بەهێز، وا باشترە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کارگێڕییەوە، بە پلانێکی ستراتیجیی دروست، گرنگی بە ژێرخان و سەرخانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەتایبەتی لە ڕووی چۆنێتیی بەکار‌هێنان و بەڕێوەبردنی کەرتەکانی ئابووری و دارایی بەگشتی و کەرتی نەوت و گازەکەی بەتایبەتی. ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا پلانێکی ستراتیجیی تۆکمە جێبەجێ بکرێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دە ساڵی ئایندەدا هەرێمی کوردستان ببێتە یەکێک لە ناوچە پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".



له‌باره‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ كه‌رتی نه‌وت و غازی كوردستاندا ئه‌و پسپۆڕی بواری سیاسه‌تی وزه‌ بڕوای وایه: "گرنگیدان بە بابەتی چاکسازی و شەفافییەت لە ڕووی چۆنێتیی بەکار‌هێنان و بەڕێوەبردنی دارایی، سامانە سروشتییەکان و کەرتەکانی تری ئابووری لە لایەک و، بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و چاودێرییەکی داراییی پێشکەوتوو لە لایەکی تر، دەبنە هۆکارێکی گرنگ بۆ ئەوەی لە لایەک هەنگاو بنێن بەرەو دروستکردنی حکوومەتێکی هەرێمی بەهێز، لە لایەکی تریش سیقە و متمانەی کۆمپانیا و وڵاتانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر ڕابکێشین، بۆ ئەوەی زیاتر لە سەرجەم بوارەکانی هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە بواری نەوت و گازدا. بۆ نموونە، هێنانی دوو کۆمپانیای گەورەی بواری وردبینیکردن لە نموونەی کۆمپانیاکانی (Deloitte) و (Ernst & Young)، هەنگاوێکی باشە بۆ دروستکردنی متمانە لای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتی ئێستا کە کۆمپانیای (دیلۆیت) چوارەمین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو کردووەتەوە سەبارەت بە هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە ١ی نیسانی ٢٠١٨ تاوەکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٨، کە ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە هەنگاوێکی باشە بۆ دروستکردنی متمانەیەکی زیاتر لای هاووڵاتییان و بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هەنگا و ڕێگایەکی پێویستە لە پاڵ ئەو هەنگاوانەی کە باسمان کرد بۆ بنیادنانی کوردستانێکی بەهێز لە ئایندەدا".
kdp -
Top