مەسرور بارزانی پێشوازی لە خاتوو نادیە موراد کرد
لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، پیرۆزبایی لە نادیە موراد کرد و هیوای خواست، توانای خۆی بەکاربهێنێت بۆ گەیاندنی نەهاماتیی ئێزیدییەکان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سارێژکردنی برینەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاواکاری بۆ دەڤەرەکە.
هەروەها بۆچوونی خۆی لەمەڕ پاراستن و رۆڵی ئێزیدییان وەک بەشێکی رەسەن و دانەبڕاو لە گەلی کوردستان لە چوارچێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا بە هاوکاریی لایەنە فەرمییە پەیوەندارەکان، کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و کردنەوەی رێگاکان دەکەین لەپێناو خزمەتی زیاتری ئەو دەڤەرە.
لەلای خۆیەوە نادیە موراد، وێڕای سوپاسکردنی مەسرور بارزانی بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و بەهاناچوونەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و یارمەتیدانی ئێزیدییان، دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات نەهامەتیی ئێزیدییان بە گشتی و کچ و ئافرەتانی رزگاربووی دەستی داعش، بخاتە بەردەم سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەسزاگەیاندنی تیرۆریستانی داعش.
باسنيوز
