ئەفسەرانی خوولی ئەكادیمیای زاخۆ: ھەنگاو بەرەو لەشكرێكی نیزامی دەنێین
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، ڕێوڕەسمی كۆتایی ٢٤ـەمین خوولی ئەكادیمیای سەربازیی ئەفسەرانی ھەرێمی كوردستان لە زاخۆ بەڕێوە چوو، كە ٣٩٥ ئەفسەر لە پلەی جیاجیادا بەشدارییان لەو خوولەدا كردبوو و لە ٣ی ٣ی ٢٠١٨ـوە دەستی پێكردبوو و ٩ مانگ بەردەوام بوو.
عەقید فەریق شەمێرانی، دەرچووی خوولەكە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەم خوولەدا چەندین وانەی گرینگی سەربازی خوێندراون، ئەو خوولە بۆ ئێمە وەك پێشمەرگە زۆر گرینگە، ئەوانەی بەشدارییان لەو خوولەدا كردووە، چەندین ساڵە پێشمەرگەن، جگە لەوەی ئەزموونی ژیانی پێشمەرگایەتیمان ھەیە، دەمانەوێ پێشكەوتنێكی زیاتر بدەین بە لەشكری كوردستان، چونكە ئەو ئەفسەرانەی كە لێرە بەشدار دەبن، ڕۆڵێكی زۆر باشیان دەبێت لە ئاییندەدا بۆ ئەوەی لەشكری كوردستان بكەن بە سوپایەكی پڕۆفیشناڵ و زیاتر پێشی بخەن لە ھەموو بوارەكاندا".
شەمێرانی باوەڕیشی وایە، ئەوەی زیاتر ھەیبەتی دا بەو خوولە، بەشداریی سەرۆك بارزانی بوو، "بۆ ئێمە زۆر گرینگ بوو، زیاتر دڵخۆش بووین بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك، و ھەست دەكەین سەركردایەتیی خۆمان بە تایبەت جەنابیان، زۆر گرینگی بەو خوولە داوە، هەروەها سەرۆك بارزانی زۆری پێ خۆشە كە لەشكری كوردستان ببێت بە لەشكرێكی نیزامیی پێشكەوتوو، كە لە ئاستی ئەو لەشكرانەدا بێت لە ناوچەكە و جیھاندا ھەن".
موقەدەم جەلال فەتاح، كە دەرچوویەكی دیكەی خوولی ٢٤ـە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەم خوولەدا ھەموو بوارەكانی لەشكری و زانستی لەشكری، چۆنیەتیی راھێنان لە رووی تیۆری و كردارییشەوە لە بەرچاو گیرابوون، كە لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا ھەموو جۆرە وانەیەكمان خوێند و بووینە ئەفسەرێكی ئەكادیمیی سەربازی، بۆ ئەوەی سوود بگەیێنین بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە داھاتوودا، هەروەها ئەم خوولە رەنگدانەوەیەكی باشی دەبێت و، ئەو ئەفسەرانەی كە بەشدار بوون و دەرچوون، زانستێكی باشی لەشكرییان وەرگرتووە، ھەریەكەمان كە گەڕاینەوە ناو ریزەكانی یەكەی خۆمان، بە نیەتی زانستی سەربازی كار دەكەین و ھەنگاو بەرەو لەشكرێكی نیزامی دەنێین، چونكە ئەو ئەفسەرانە دەبنە فاكتەر بۆ بەنیزامیكردنی ھێزی پێشمەرگە".
فەتاح دەشڵێت، جەنابی سەرۆك ھەمیشە پاڵپشت و خەمخۆری ھێزی پێشمەرگەیە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە زامنی پاراستنی كوردستانە، "ھاتنی جەنابی سەرۆك گوڕوتینێكی گەورەی بە ئێمە دا، لە ناخماندا حەماسەتێكی گەورە ھەبوو و وامانزانی جارێكی دیكە لە دایك بووینەوە، چونكە لە ماوەی ئەو ٩ مانگەدا ماندووبوونێكی زۆرمان بینی، خۆشبەختانە سەرۆك و تەواوی ئەفسەران لە ئەدای ئەو خوولە رازی بوون".
ئەفسەرێكی دیكە لە دەرچووانی ئەم خوولە سەربازییە، كە موقەدەم سەردار سەعدییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سوودێكی زۆرمان لەم خوولەدا بینی، فێرە نیزامێكی سەربازی بووین لە رووی زانستی سەربازی و چۆنیەتیی جۆرەكانی جەنگ، ھەروەھا بەشدایكردن و ئیدارەدانی سەربازی، گرینگییەكی تری ئەم خوولە بوو، چونكە دەمانەوێ خزمەتێك بە لەشكری كوردستان بكەین، ئەوەی فێر بووینە و وەرمانگرتووە لە رووی سەربازی و تەكنیكی و ئیدارییەوە، پێشكەش بە نەوەكانی داھاتووی دەكەین".
سەعدی گوتیشی: "ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، زۆر دڵخۆشی كردین، كە زەخمەت و ماندبوونی ئەو ٩ مانگەمان ھەمووی لە بیر كرد و دەمانەوێ خزمەت بە ههرێمی كوردستان بكەین".
kdp -
