مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد

	 مەسروور بارزانی پێشوازی لە وەزیری كاروباری مرۆیی پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد
لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری كاروباری مرۆییی پۆڵۆنیا، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، گەلی كورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیی ڕەگداكوتاوی كۆمەڵگەی كوردستانەوە، خزمەتكردن و داڵدەدانی ئاوارەكان بە ئەركێكی مرۆیی بەرز دادەنێ.

مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018، پێشوازی لە خاتوو بێئاتا دێمپا، وەزیری كاروباری مرۆییی كۆماری پۆڵۆنیا و شاندی یاوەری كرد، كە لە ژمارەیەك شارەزای فریاگوزاریی مرۆیی و سەرۆكی رێكخراوی خێرخوازی پێك هاتبوو.

لەدیدارێكدا، كە بێئاتا پێكسا، باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق و دۆمینیك مووشاو، كۆنسوڵی پۆڵۆنیا لە هەولێر و، زیاد رەئووف نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا ئامادە بوون، وێڕای تاوتووكردنی پەرەسەندن و رەوشی ناوچەكە بە گشتی، جەخت لە پێویستیی بەدەنگەوەهاتنی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرایەوە و هانی رێكخراوە مرۆییەكان و دەوڵەتانی جیهان درا، كە یارمەتییە مرۆییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان چڕتر بكەنەوە.

مەسروور بارزانی، پەیوەست بەو بابەتە تیشكی خستە سەر فەرهەنگی مرۆڤدۆستی و لێبووردەیی گەلی كورد و رایگەیاند، گەلی كورد لە سۆنگەی فەرهەنگی مرۆڤدۆستیی ڕەگداكوتاوی كۆمەڵگەی كوردستان خزمەتكردن و داڵدەدانی ئەو ئاوارانە بە ئەركێكی مرۆیی بەرز دادەنێ، كە لە ترسی زوڵم و توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و دەوروبەرەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی دا بە هۆكاری رێگرییەكانی بەردەم دووبارە گەرانەوەی ئاوارەكان.

لەلای خۆیەوە، وەزیری كاروباری مرۆییی پۆڵۆنیا، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانكردنی هەرێمی كوردستان دەربڕی و هیوای سەركەوتنی بۆ مەسروور بارزانی خواست لە بەربژێركردنی بۆ سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

دواتر وێڕای روونكردەوەی مەبەستی سەردانەكەی، پوختەیەكی لە كار و چالاكییەكان و سیاسەت و بەرنامەی وڵاتەكەی بەرانبەر كەمینە ئایینەكان و ئاوارەكان خستە ڕوو، كە یارمەتیدانیانە لە شوێنی بنەڕەتیی خۆیان. هەروەها حەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانی بەرز نرخاند و رایگەیاند، ئەوەی هەرێمی كوردستان لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پەروەردە و خوێندن بۆ ئاوارەكانی دابین كردووە، كارێكی مرۆیی گەورەیە و جێی شانازیی هەمووانە. دووپاتیشی لە هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان لە بواری پێشكەشكردنی یارمەتی مرۆیی زیاتر كردەوە.

پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و راوێژكاری لە بواری كاری مرۆیی لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری پۆڵۆنیا و رێكخراوە خێرخوازە خۆجێییەكان، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی و خاتوو بێئاتا بوو.
kdp -
Top