شەماڵ نووری:سەردانەکەی وەزیری وزەی ئەمەریکا لە ڕووە ئابوورییەکەیەوە گرینگییەکی ڕادەبەدەری ھەیە

	 شەماڵ نووری:سەردانەکەی وەزیری وزەی ئەمەریکا لە ڕووە ئابوورییەکەیەوە گرینگییەکی ڕادەبەدەری ھەیە
سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریکا لە ڕووی ستراتیژی و ئابوورییەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان گرینگیی تایبەتی ھەیە لە کاتێکدا گەمارۆی ئابووریی خستووەتە سەر ئێران، ئەندامێکی ئابوریناسانی کوردستانیش دەڵێت، جیھان بەو ئاراستەیەدا دەڕوات کە ئابووریی سیاسەت ئاڕاستە دەکات، کەواتە ئەگەر ھات و کوردستان بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بخاتەوە، ئەوا کوردستانیش لە زۆر ڕووەوە بەھێز دەبێت.



دوێنێ ١١ی١٢ی ٢٠١٨، جەیمس ڕیچارد پێری، ناسراو بە ڕیک پێری، وەزیری وزەی ئەمەریکا سەردانی ھەولێری پایتەختی کرد، ڕێک پیری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر لە لایەن سەرۆک بارزانی پێشوازیی لێ کرا و کۆ بوونەوە. لە ئەنجومەنی وەزیرانیش لەگەڵ سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی کۆ بووەوە.



پەیوەست بە گرنگیی ئەم سەردانەی وەزیری وزەی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان و عێڕاق لە ڕووە ستراتیژییە ئابوورییەکەیەوە، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، شەماڵ نووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریکا سەرەتا بۆ عێراق و دواتر بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ستراتیژییەتی ئابوورییەوە گرنگییەکی لەڕادەبەدەری ھەیە، چونکە ئابووریی ئەمەریکا بە یەکێک لە ئابوورییە ھەرە بەھێزەکانی جیھان دادەنرێت و، کۆنتڕۆڵی تەواوی بواری نرخ و بەھا و فرۆشتنی بازرگانیکردنی پەتڕۆڵ و غازی سروشتی لە جیھاندا ھەیە."



لە کاتێکدا ئەمەریکا، گەمارۆی لەسەر ئێران داناوە، بۆ ئەوەی بە جیھان بگەیەنێ کە گەمارۆدانان لەسەر ئێران نابێتە ھۆی گرانبوونی بەھای نەوت بۆیە دەیەوێت نەوت زۆرتر لە بازاڕدا ھەبێت نەک کەم ببێتەوە، وەک چۆن ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێک کەوتن لەسەر ئەوەی کە بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرز بێتەوە."



ئەو ئابوریناسە گوتیشی: "لە لایەکی ترەوە کە تەنیا ٤٥ ڕۆژی بۆ عێراق داناوە کە چیتر نەتوانێ گازی سروشتی لە ئێرانەوە بھێنێ، ھەرێمی کوردستانیش دەوڵەمەندە و وەزیری وزەی ئەمەریکاش گوتی، ئێمە دوو وڵاتی دەوڵەمەندین، بۆیە ئەمەریکاش پێویستی بە گاز و نەوتی کوردستان ھەیە، کە زیاتر ڕەوانەی دەرەوە بکرێت."



نوری، ڕایشیگەیاند: "یەکێک لە بابەتە ھەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر بابەتی فرۆشتن و ناردنە دەرەوەی نەوتە و بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتە بە بۆڕییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ئەم سەردانە ڕێخۆشکەرە بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، کە دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانیش بۆ بەغدا کاریگەری ھەبوو بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە ئاساییتر بێت، ئەمەریکاش دەیەوێت ڕۆڵێکی باشتر بگێڕێ بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان باشتر بن و ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان و عێڕاق زیاد بکات، چونکە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆڕییەکانی ھەرێمی کوردستان، جەیھانەوە دەنێردرێتە دەرەوە، جگە لەوەی ھەرێمی کوردستان خۆشی لە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار بەرھەم دەردەھێنێت و دەنێردرێتە دەرەوە، ھاتنی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و بوونی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە کوردستان دڵخۆشکەرە بۆ ئەوەی بەخێرایی ڕێککەوتن و پەیوەندییەکان بەھێزتر بکرێت دوای سەردانەکەی وزیری وزەی ئەمەریکا بۆ لای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە ڕووی تەکنیکی و وردەکارییەوە جەنابیان سەرپەرشتیی کارەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی سەرۆک بارزانی لە ڕووی مەرجەع و پێگەی سیاسی و بەھێزیی کوردستانەوەیە."



شەماڵ نووری زیاتر دەڵێت: "ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی جەیھانەوە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان خۆش دەکەن کە سەقامگیرییەکە بۆ عێراق لە قۆناغێکی ھەستیاردا دەڕوا کێشمەکێشمی سیاسیی زۆرە و قەرزدارە و تازە لە شەڕی داعش و وێرانبوونی ناوچە سوننییەکان ڕزگار بوون، زۆر گرنگە و گرنگییەکی باشیشی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە کە ئاسۆیەکی ڕوون ھەیە کە وردە وردە قەیرانی ئابووری لە کوردستان ڕووەو کەمتر بڕوات."



دوێنێ وەزیری داراییی ھەرێمی کوردستانیش، ڕێباز حەملان، ئاماژەی بەوە کرد کە مووچەی ئەو سێ مانگەی لە ساڵی ٢٠١٨ دەمێنێت، پاشەکەوت ناکرێت و ھەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە دابەش دەکرێت و چاوەڕێی دانانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانن و لە دانیشتنی پەرلەماندا بڕیار لەسەر ئەو دوو بڕگە یاساییە بدرێت کە حکوومەت بە چ میکانیزمێک بتوانێ پاشەکەوتی مووچە یەکجارەکی ھەڵگرێت و چۆن ئەو پاشەکەوتەی لە ساڵانی ڕابردوو کرابوو بدرێتەوە.

شەماڵ، گوتیشی: "ئەم دواییانە ھەنگاوەکان بە گشتی ڕوون دیارە کە بار و گوزەران و مووچەی فەرمانبەران و ھاونیشتمانیان و مامەڵەی بازاڕ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت، ئێستا جیھان بەو ئاراستەیەدا دەڕوا کە ئابووریی سیاسەت ئاراستە دەکات، کەواتە ئەگەر ھات و کوردستان بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا ڕێک بخاتەوە ئەوا کوردستانیش لە زۆر ڕووەوە بەھێز دەبێت."
kdp -
Top