سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا دەستپێكی گۆڕانكارییە

	 سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا دەستپێكی گۆڕانكارییە
شارەزایان و چاودێران، لەبارەی گرینگیی سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ لای سەرۆك بارزانی دەدوێن و باوەڕیان وایە، ئەمەریكا دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر بكات و بیخاتە قۆناغێكی نوێوە. دەشڵێن، سەردانەكە دەستپێكی گۆڕانكارییە لە ناوچەكەدا.



ڕێك پێری، وەزیری وزەی ئەمەریكا، دوێنێ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەی ئەنجام دا، دوای كۆ‌وبوونەوەكەش، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وەزیری وزەی ئەمەریكا ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو قارەمانیەتییەی لە شەڕی دژی داعش نیشانیان داوە.



عیرفان عەزیز عەزیز، قوتابیی دكتۆرا لە بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی دارهام- بەریتانیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، جۆرێكە لە كرانەوەی ستراتیژی نوێی ئەمەریكا لە دوای قۆناغی سزاكانی سەر ئێران و گۆڕینی هاوكێشەی ئابووری لە ناوچەكەدا، هەرێمی كوردستانیش لەبەر ئەوەی پەرە بە سیاسەتی ئابووریی خۆی دەدات و بڕیاریشە نەوتی كوردستان و كەركووك لە ڕێگای بۆڕیی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەوەندەی دیكە ڕۆڵی خۆی لە عێراقی دوای دەسەڵاتی حەیدەر عەبادیدا دەبینێت، ڕەنگە بۆ داهاتووش كوردستان ببێتە ناوەندێكی گرینگی ئابووریی ناوچەكە، چونكە وەك باس كراوە، توانای هەناردەی نەوتی خاو لە ڕێگای بۆڕیی نەوتی كوردستانەوە لە 700 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە، بۆ ملیۆنێك بەرمیل نەوت بەرز كراوەتەوە، ئەمەیش دەرخەری گۆڕانكاریی جۆرییە لە ناوچەكەدا".



عەزیز گوتیشی: "ئەمەریكا لە ڕێگای وەزیری وزەوە پەیامێكی دایە جیهان و ناوچەكە، كە "لە سایەی پێشمەرگەدا خەڵك ئازادە"، هەر بۆیە لێكدانەوە بۆ قسەكانی وەزیری وزەی ئەمەریكا ئەوەیە كە، سەرچاوە ئابوورییەكانی كوردستان و عێراقیش لە داهاتوودا پێشمەرگە پارێزگارییان لێ دەكات، ڕەنگە ئەمە سەر بكێشێت بۆ ئەوەی كە ئەمەریكا پێشمەرگە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك جێگیر بكات".



دەشڵێ: "سەرۆك بارزانی وەك مەرجەعی گەلی كوردستان بە لای ئەمەریكاوە گرینگە، بۆ داهاتووی عێراقیش هەموو جیهان چاویان لە دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانییە، بۆیە گرینگە لە ناوەندی هەڵكشان و داكشانی ناوچەكەدا ئەمەریكا سەرۆك بارزانی وەك سەنتەر و ناوەندی بڕیار هەڵبژێرێت".



لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە هاوبەشەكەدا، سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ كوردستان و، سەردانەكەی بە دەرفەتێكی گرینگ زانی بۆ تاوتوێكردنی كۆمەڵێك بابەتی گرینگ كە پێوەست بوون بە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ پێوەندیی دووقوڵیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا.



سەرۆك بارزانی گوتی: "دەرفەتێكی تازە و كەشێكی باش ڕەخساوە و ئومێدێك هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان، دەرفەتەكەش جێگەی ئومێدە و هەموو هەوڵێكیش دەدەین".



هەر لەو بارەیەوە، ئاسۆ كەریم، چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ماوەیەك ساردی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمەریكا، ڕەنگە ئەم سەردانە دەستپێكێكی گرینگی كردنەوەی دەرگایەكی نوێ بێت لە نێوان ئەمەریكا و كوردستاندا، هاتنی وەزیری وزەی ئەمەریكایش ڕەنگ بێت پەیوەندیی بە گۆڕانكاریی هاوكێشەی ئابووریی ناوچەكەوە هەبێت، كە كوردستان فاكتەری بەهێزە لە گۆڕانكارییەكاندا، سەرۆك بارزانییش وەك مەرجەعی كوردستان گرینگە بۆچوونی لەسەر پرسە سیاسی و ئابوورییەكان هەبێت، چونكە ڕەنگە لە داهاتوودا چاوەڕوانی دەستپێشخەریی نوێی لێ بكرێت، بە تایبەت بۆ چارەكردنی گرفتەكانی عێراق".



بە گوتەی كەریم، بەشێك لە هۆكاری هاتنی ڕێك پێری، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لێكتێگەییشتن لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەبێت لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك، بۆ ئەوەی سیاسەت و گۆڕانكاریی ئابووری لە ناوچەكەدا، لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت.



ئەو چاودێرە سیاسییە، هەروەها باوەڕی وایە كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا ناوچەیەكی ئارام بووە بۆ كۆمپانیا بیانییەكان و هێزی كار، ئەمەریكایش ئەمەی لە كوردستان دەوێت و ئەم سەردانانەیش بەردەوام دەبن بۆ دڵنیابوونەوە لە ئارامیی ناوچەكە.
kdp -
Top