مەحموود عوسمان: پێویستە ھەنگاوەکانی دەرکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن

	 مەحموود عوسمان: پێویستە ھەنگاوەکانی دەرکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن
ھەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری و یاسایی لە ناوچەکەدا لە زۆر ڕووە گەشەی کردووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دەستوورێکی تایبەت بە خۆیەوە لە ھەندێ لایەنەوە ئاستەنگ بۆ ھەرێمی کوردستان دروست بووە. سیاسەتمەدارێکی کوردیش ئاشکرای کرد، پێویستە ھەنگاوەکان خێرا بکرێن بۆ دەرکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان.



دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد پێی وایە، ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوور ھەیە و پێویستە لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی دەستووری خۆمان. دەشڵێت: "لە ساڵی دوو ھەزارەوە ھەرێمی کوردستان کاری بۆ دەرکردنی دەستووری تایبەت بە خۆی کردووە، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش ھەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە ھەوڵەکانی بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ھەتا لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا ساڵی ٢٠٠٥ زۆر بەزەحمەت باوەڕمان بە لایەنە عێراقییەکان ھێنا لە ناو دەستووری عێراقدا ددان بە ھەبوونی دەستووری ھەرێمدا بنێت و ئەوە بوو لە ناو دەستووردا جێگیر کرا کە ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی دەستووری تایبەتی خۆی ھەبێت."



پارتی دیموکراتی کوردستان پلانی ھەیە لە قۆناغی داھاتوودا پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت و دواتر بخرێتە ڕاپرسییەوە بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان زیاتر بەھێز بێت و یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن. لەوبارەیەوە ئەو سیاسەتمەدارەی کورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوەی لە دەستووری عێراقدا جێگیر کرا بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان دەستووری خۆی ھەبێت دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ گەلانی ھەرێمی کوردستان."



ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕەوە پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان کاری لەسەر کراوە و قۆناغی باشی بڕیوە، بەڵام بە ھۆی ناکۆکیی سیاسییەوە کارکردن لە پڕۆژەی دەستوور ڕاگیراوە. دکتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە ھەرێمی کوردستان پێویستمان بە دەستوور ھەیە و دەبێ ھەنگاوەکان خێراتر بکرێن بۆ ئەوەی دەستوور دەربکرێت، چونکە کە دەستوور ھەبوو دەبێتە ڕێپێشاندەرێکی گرنگ بۆ دەرکردنی یاساکان."
kdp -
Top