سەرۆک بارزانی: بۆ پەنجا بە پەنجا و شێوازەکانی پێشووی پێکهێنانی حکوومەت ناگەڕێینەوە
سەرۆک بارزانی لە گوتارێکیدا کە لە ساڵڕۆژی داستانی لۆمانا لە دهۆک پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە تا پێشمەرگە خۆی لە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ڕاهێنا، قوربانییەکی زۆری دا و ”زۆر شاندی دەرەوە کە دێن و کاتێک دەیانبینین لە دەرەوە و لێرە، مرۆڤ هەست بە سەربڵندییەکی زۆر گەورە دەکات کاتێک باسی پێشمەرگە دەکرێت، ڕاستیشە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئەمڕۆ لێرە نەدەبووین“.
هەمووانیشی لەوە دڵنیا کردەوە کە ”هیچ جۆرێک نیەتمان نەبووە ڕۆژێک لە ڕۆژان خوێن لە یەک کەس بێت، نە لە ئێمە و نە لە بەرامبەرمان، هیچ رۆژێکیش بڕیارمان نەداوە ئێمە بچین دەست بە شەڕ بکەین. بەڵام داستانی مانگی ١٢ی ١٩٦١ فێری کردین کە ئەگەر شەڕ بێتە سەرمان، شەرەفمان لە ڕۆحمان بەرزتر بێت و ئەوەشە کە ئەمڕۆ ڕۆڵەکانی ئێوە شەڕی ئەبرامز دەکەن“.
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە هەموو ژیانێک ژیان نییە، ئەو ژیانە ژیانە کە بە سەربەرزی لەنێو میللەتی خۆتدا بژی یان لە ڕێگەی میللەتی خۆتدا خوێنی خۆت بڕێژی. ئەگینا ژیانی چەند ساڵێک ئەوەندە ناهێنێت مرۆڤ خۆی شەرمەزاری خوای خۆی و میللەتی خۆی بکات.
سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد کە رۆژ بە ڕۆژ، بەرەو لەشکرێکی بەهێزتری کوردستان دەچین و هیوای خواست کە هەمووان ئاسوودە بن و ”ئیشەڵا کەس ناتوانێت کەرامەتی کەس پێشێل بکات“.
هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان کرد کە لە هەردووکیاندا پارتی پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد. لەمبارەیەشەوە رای گەیاند: ”ئەو ئەزموونەی بەسەر هەموولایەک هات، ڕوون بۆوە کە بەبێ پارتی هیچ بڕیارێک نادرێت، بەتایبەتی لە ئاستی کوردستان، لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەکرێت“.
ئاماژەشی بە ناوەڕۆکی سەردانەکەی بۆ بەغدا کردەوە و ڕوونی کردەوە: ”ساڵی پار ئەوکاتانە سەری ئێمە لای هەندێک کەس مەتڵەب بوو، هەموو کاتێک من ئامادەم سەری خۆم لەسەر ئەو ڕێبازە دابنێم و لەلای من زۆریش ئاسانە، بەڵام خوا دەزانێ هیچ جارێک موساوەمە لەسەر حەقی میللەتی خۆمان و شەهیدان ناکەین. بەڵام کاتێک ترووسکاییەک بۆ ئەوەی بە تەفاهوم کێشەمان چارەسەر بکەین، ئێمە ئامادەین، بەغدا دەرگای لەسەر داخستبووین، من زانیم قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. عادل عەبدولمەهدی دەناسم، لەمێژیشە دەیناسم و باوەڕی بە مافی کورد هەیە، کاتی خۆی و ئێستاش پێم گوتووە کە ئەگەر یەک دەقەش پێکەوە بمێنینەوە، پێمانخۆشە پێکەوە بین. گوتوومانە ئێمە دژی شەڕین و هیچ جارێک ناچین شەڕ بکەین، بەڵام هیچ جارێکیش خۆمان تەسلیمی یەک هێزی دونیا ناکەین“.
دووپاتیشی کردەوە کە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە و ”ئومێدیشم هەیە، بەڵام دەبێ بزانین چی دەکەین و نامەوێ ئومێدەکان زۆر بڵند بکەین. ئەوە نە لەسەر حیسابی مافەکانمانە، بەڵکوو بۆ ژیانێکی بە سەروبەر و بەرژەوەندیی ئەو میللەتەیە“.
هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە پێش هەڵبژاردن ڕای گەیاندبوو، ئەگەر پارتی بەهێزێکی گەورەوە سەرکەوت، گۆڕانکاریی گەورە و چاکسازیی باش دەکرێت. بۆیە لەکابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەوڵی گۆڕانکاری و چاکسازی دەدرێت و لە ئێستاشەوە بنەمایەکی باش دانراوە بۆ ڕێککەوتنی پارتی کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانیش بێت“.
سەرۆک بارزانی ڕای گەیاند: ”من گەشبینم و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەستی پێکردووە. دۆخێکی تازە هاتووەتە پێش، نامەوێ بڵێم چونکە کورسی و سەرکەوتنێکی گەورەمان بەدەست هێناوە، غرور دەمانگرێ، بەڵام بێ شک رەوشی ٥٠ بە ٥٠ و ئەو دۆخەی زۆر ئاستەنگی هێنا پێش، ئەوە نەما. برادەرانی دیکە شەریک دەبن لەگەڵمان ئەهلەن وە سەهلەن بەڵام پارتی ناگەڕێتەوە ئەو شێوازەی پێشتر حکوومەتی پێ پێکهێندراوە. پێمان خۆشە لایەنەکانی دیکەش بەشدار بن. لێژنەیەک دانراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بگەینە ئەنجامێک. گۆڕانکاریی بنەڕەتی دێنە دی لە هەموو بوارەکان و لە هەموو ئاستەکاندا“.
باسنيوز
