پارتی و گۆڕان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

 پارتی و گۆڕان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر كۆبوونەوە و تیایدا چەند بابەتێكی ھەستیار و گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

لەکۆبوونەوەکەدا، توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان بە ‌گوێرەی قۆناغەكە، ھەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پکێهانی کابینەی نۆیەم و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ خرانە بەر باس.


دەقی راگەیەندراوەكە:


ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی ھاوبەشی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢/١٢/٢٠١٨ لە ھەولێر خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا چەند بابەتێكی ھەستیار و گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە:


یەكەم: توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان بە ‌گوێرەی قۆناغەكە، ھەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، ھەروەھا پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال و وڵاتانی دەوروبەر كە بە شێوەیەكی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت.

دووەم: پێكەوە ھەوڵی دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە ھەیە و چارەسەری دۆخی ئێستا بكرێ بە ‌شێوەیەك لەگەڵ دەستوور بگونجێ و مافی ھەموو لایەك پارێزراو بێت.

سێیەم: سەبارەت بە پێكھێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە، گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و ھەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بون كە قۆناغەكە و ھەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی ھەموو لایەكی پێویستە و دەبێت بە ئاراستەی جددی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەھێزبوونی ھەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، ھەنگاوی گونجاو ھەڵێنرێت.



مەكەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان










باسنيوز
Top