نێچیرڤان بارزانی: ھەرێمی کوردستان لەسەر پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە خاتوو بەیاتا کامپا وەزیری کاروباری مرۆییی پۆڵەندا و شاندێکی یاوەری کرد، باس لەوەش کراوە، کە خاتوو کامپا سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پێشوازیکردن و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و ھاوکاریکردنیان ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری ئاوارەکان، بە پێویستیشی زانیوە و ئامادەییی وڵاتەکەیشی لەمبارەیەوە نیشان دا، ھەروەھا پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جێگەی ڕێز و پێزانین وەسف کرد.
ئاماژە بەوەش دراوە، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و ھیوای خواست شاندی میوان لە میانی سەردانەکەیاندا وێنەیەکی ڕوونیان لەسەر دۆخی ھەرێمی کوردستان و ئاوارەکان دەستکەوتبێت و دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتووشدا لەسەر پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت و زیاتر جێگیری دەکات، ھەروەھا ستایشی ڕۆڵی لایەنی نێودەوڵەتی کرد لە دروستکردنی متمانە بۆ ئاوارەکان تا لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی پوختەیەکی دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی پێکھاتە جیاوازەکان لەلایەن خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانەوە، خستە ڕوو و سوپاسی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کرد بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، ھیوای خواست پۆڵەندا لە یەکێتیی ئەورووپا ھەوڵی زیاتر گەیاندنی دۆخی ئاوارە و پەنابەران بدات تا بە ھەموو لایەک ڕەوشی ژیانیان باشتر بکرێت.
باسنیوز
