جووتیارێكی كەركووك: فەرمانی سەدداممان بەسەردا جێبەجێ دەكەن

جووتیارێكی كەركووك: فەرمانی سەدداممان بەسەردا جێبەجێ دەكەن
داگیركردنی زەویی كشتوكاڵی و خانووی كوردان لە سنووری پارێزگای كەركووك درێژەی هەیە‌؛ ئەندامێكی كوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لە هەوڵدان شەرعییەت بۆ شارەكە بگەڕێننەوە و ڕێگە لە داگیركاریی زەویی هاووڵاتیانی كورد بگرن.

بە هۆی ئەو بەعەرەبكردن و داگیركارییەی لە كەركووك دەستی پێكردووە، هاووڵاتیانی كەركووك چەندین جار خۆپێشاندانیان كردووە و داوای بەهاناوەچوون لە سەرۆك بارزانی و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەن.

سلێمان حەمەساڵح، یەكێك لەو جووتیارانەی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە زەویی لێ داگیر كراوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دوای كارەساتی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ئەو عەرەبانەی كە لە ساڵانی پێش 1960 هێندرابوونە كەركووك و لەلایەن ڕژێمی سەددام حوسێنەوە زەویی جووتیارانی كوردیان پێ درابوو، لە ساڵی 2003ـدا قەرەبوو كرانەوە و گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەڵام ئێستا جارێك دیكە بە پشتیوانیی ئیدارەی ناشەرعیی كەركووك، گەڕاونەتەوە بۆ شارەكەمان و هەزاران دۆنم زەویی كشتوكاڵی و حەوزی ماسی و خانووی كوردیان داگیر كردووەتەوە".

خانوو و زەویی كورد لە سەردەمی سەددام حوسێندا دراوە بە عەرەب و كوردەكانیشی دەركردووە، بەڵام لە پاش 2003 كە حكوومەتی نوێی عێراق هاتە سەر حكوم، بەپێی یاسایەكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زەویی ئەو هاووڵاتیانەی لێیان داگیر كراوە، بۆیان دەگەڕێندرێتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق یاساكەی جێبەجێ نەكردووە و خاوەنداریی زەوییەكانی بۆ خاوەنە ئەسڵییەكانیان نەگەڕاندووەتەوە.

حەمەساڵح دەڵێ: "ئەو بڕیارەی كە پەرلەمان دەریكرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی داگیركردنی زەوییەكانمان، حكوومەتی نوێی عێراق جێبەجێی نەكردووە، بۆیە ئەو عەرەبانە هاتوون زەوییەكانیان جارێكی دیكە داگیر كردووینەتەوە و تاپۆی ئەوكاتیان پێیە، ئێمەیش تاپۆی پێش ساڵەكانی 1960ـمان هەیە وئەو زەویانە هیی ئێمەن و لێمان زەوت كراون و دەركراوین".

ئەو جووتیارە گوتیشی: "پێنج هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی تەنیا لە گوندی مەتارە داگیر كراوە، من بۆخۆم لە گوندی مەتارە 120 دۆنم زەوی و خانووەكام و حەوزی ماسیم داگیر كراون، بۆیە داوا لە سەرۆك بارزانی و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەم بەهانامانەوە بێن".

لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، بەعەرەبكردنی كەركووك دەستی پێكردووەتەوە و عەرەبەكان زەویی كشتوكاڵی و ماڵی كورد داگیر دەكەن، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش لە لیژنەی یاسایی دەڵێ، ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ بكرایە، جارێكی دیكە هیج كەسێك نەیدەتوانی درێژە بە عەرەباندن بدات.

جووتیارێكی دیكەی شاری كەركووك بە ناوی ئوسام عادل، سەبارەت بە داگیركردنی زەوییەكەی گوتی: "عەرەبەكان بە هاوكاریی چەكدارانی بەدر و پۆلیسی فیدڕاڵی و ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك، دەستیان كردووەتەوە بە داگیركردنی زەوییەكانمان و بە هێزی چەك زەوییەكانمان لێ داگیر دەكەن و تەقەمان لێ دەكەن، چەندین جاریش گردبوونەوە و خۆپێشاندانمان ئەنجام داوە، بەڵام كەس بەدەم داواكانمانەوە نەهاتووە".

عادل دەشڵێ: "تەواوی زەویی كشتوكاڵیی دوبز و لەیلان داگیر كراون و ئێستایش بەردەوام عەرەب دەهێنن و زەویی كورد داگیر دەكەن، كە تا ئێستا هەزاران دۆنم زەوییان داگیر كردووەتەوە و بەردەوامیشن لە هێنانی هاووڵاتی عەرەب".

ڕێبوار هادی عەبدولڕەحمان، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تەواوی ئەو كێشانەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەن، دوای 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو هاتنە كایەوە، هۆكارەكەیشی جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە، ئەوەی ئێستا بەرپرسانی سەپێندراوی كەركووك دەیكەن و زەوی كورد داگیر دەكەن و دەیدەن بە عەرەبەكان، نایاساییە و ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین بۆ وەستاندنی عەرەباندنی ناوچە كوردستانییەكان، بە تایبەت لە كەركووك كە بەعەرەبكردن دەستی پێ كردووەتەوە".

عەبدولڕەحمان گوتیشی: "كەركووك داگیر كراوە و هەوڵی ئێمەیش ئێستا ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە نەمێنێت و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، هەروەها ئیدارەی شارەكە لەلایەن ئیدارەی شەرعیی خۆیەوە بەڕێوە ببرێت و ڕێگە لەو كارە نایاساییانە بگیردرێت، كە ئێستا ئیدارەی سەپێندراو دەیانكات".

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی ئاماژەیشی دا: "ئێستا لە هەوڵداین لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنین لە ئەنجوومەنی نوێنەران، كە كارەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 خێرا بكەین و، ڕێگە بگرین لەو كارە نایاساییەی ئیدارەی سەپێندراو دەرحەق بە كوردی شارەكە دەیكات".
kdp-
Top