باڵیۆزی تورکیا: دەبێ بەرپرسانی سلێمانی پەکەکە لە نێوان خۆیان و تورکیا دەربهێنن
فاتیح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بە ئاژانسی (تەبا)ی تورکمانی راگەیاندووە، دەبێ بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە سلێمانی بەھۆی پەیوەندییان بە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە دابخرێن و ”داوا دەکەین ئەو داخستنە بەشێوەیەکی دروست ئەنجام بدرێن“.
فاتیح یڵدز ھەروەھا رایگەیاندووە، ”لایەنە بەرپرسیارەکانی سلێمانی“ دەستیان بە ھەنگاوەکانی داخستنی بارەگاکانی سەر بە پەکەکە لە شارەکە کردووە و ئەگەر ئەو بارەگایانە بە تەواوی دابخرێن، ئەوا تورکیا رێگا بە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەدا بە ئاسمانی تورکیادا بفڕن.
باڵیۆزی تورکیا لە عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی کێشەی لەگەڵ ”بەرپرسەکانی سلێمانییە نەک ھاووڵاتییان“ و داخستنی ئاسمانی تورکیاش بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەھۆی رێگادانە بە چالاکییەکانی پەکەکە لەو شارە.
فاتیح یڵدز ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە بەرپرسانی سلێمانی ھەوڵ بدەن پەکەکە لەنێوان خۆیان و تورکیادا دەربھێنن، چونکە ”پەکەکە دووبەرەکی لەنێوان سلێمانی و تورکیا دروست دەکات“.
لە کۆتایی مانگی ١١ـی ٢٠١٨، ھێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، کوڕی سکرتێری کۆچکردووی ئەو حزبە دەستیان بە ھەڵمەتی داخستنی بنکە و بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی، کە حزبێکی ئاپۆچییە و سەر بە پەکەکەیە، کردووە.
باسنيوز
