ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەرز دەبێتەوە

 ژمارەی کورسییەکانی پارتی بەرز دەبێتەوە
لە ئەنجامی وردبینیکردنی تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز دەبێتەوە و کورسییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وەک خۆی دەمێنێتەوە.



بەپێی ئەو زانیارییانەی (باسنیوز) لە دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەکانەوە دەستی کەوتووە و زانیاریی نافەرمین، دوای وردبینیکردنی تەواوی دەنگەکان، ژمارەی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (٧٣٥ هەزار و ٨٨٦) دەنگ بەرز بووەتەوە کە بەرامبەرە لەگەڵ ٤٥ کورسی. بەڵام دەنگەکانی یەکێتی (٣٥٠ هەزار و ٥٣) دەنگە کە دەکاتە ٢١ کورسی.



هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، گۆڕان (٢٠٠ هەزار و ٥٩٠) دەنگی هێناوە کە ١٢ کورسی دەکات و نەوەی نوێش (١٣٨ هەزار و ٥٢١) دەنگی لە بەرامبەر ٨ کورسی هێناوە. کۆمەڵی ئیسلامی بە هێنانی (١١٧ هەزار و ٣٢٨ دەنگ) بووەتە خاوەنی ٧ کورسی و بەرەو ئیسڵاح بە (٨٤ هەزار و ٣٩٠) دەنگ بووەتە خاوەنی ٥ کورسی و لیستەکانی سەردەم و ئازادیش هەریەکەی کورسییەکیان بەدەست هێناوە.



بەپێی ئەو ئەنجامانە بێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاسانی دەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی پێکبهێنێت و لە بابەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشدا دەستی کراوەتر دەبێت.



ئەمە لە کاتێکدایە کە تاوەکوو ئێستا، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕانەگەیەندراوە و چاوەڕێ دەکرێ ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت.






باسنیوز
Top