لە خانەقین تەرمی چوار كورد بە سەربڕاوی دۆزرانەوە.. ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كوردیش تەقێندرایەوە
رۆژ بە رۆژ دۆخی خانەقین خراپتر دەبێت و بەردەوامیش بە ناوی داعشەوە لە سنووری خانەقین كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و ھێزە عێراقییەكانیش بێدەنگن و ھیچ ھەڵوێستێكیان نییە.
پێوەست بەم پرسە، رەفعەت موراد ئاغا، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو لە خانەقین ژمارەیەك چەكداری نەناسراو چوار كوردیان رفاندووە و دواتریش تەرمەكانیان بە سەربڕاوی دۆزراوەتەوە و كەس نازانێت كێ ئەو كارەی كردووە، كە باس لەوە دەكرێت داعشە، بەڵام ئێمە گومانمان ھەیە و رەنگە كەسانێك بن لەناو حەشدی شەعبی ئەو كارە بكەن بە ناوی داعشەوە، بۆ ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز بێت".
موراد ئاغا گوتیشی: "ھەر دوێنێ ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێكی كورد لە پۆلیسی خانەقین تەقێندراوەتەوە و بەو ھۆیەوە شوفێرەكەی بریندار بووە، ھەر شەوی ڕابردوویش ھێرش كراوەتە سەر گوندەكانی مەعدان و محەممەد شێربەگ و یووسف بەگ و مەردان، كە ئەمانە زۆر نزیكن و بە ناو خانەقین ھەژمار دەكرێن، بۆیە دۆخی خانەقین بە تەواوی تێك چووە و خەڵك لە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆردایە".
kdp-
