دەستەی ژینگە: داواكارین لایەنە سیاسی و بەربژێرەكان پاراستنی ژینگە ڕەچاو بكەن
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ٣٠ی ئەم مانگەی بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی كوردستانیش شێروان زرار، ڕاگەیاند: "رۆژی ١١ـی ئەیلوول، بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێدەكات و رۆژی ٢٨ـی ئەیلوول كە ھاوكاتە لەگەڵ دەنگدانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بانگەشەی ھەڵبژاردن كۆتایی دێت."
پێوەست بەم پرسە و بانگەشەی لایەنە سیاسییەكان و بەربژێرەكان، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، ھەندرێن ڕاغب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەستەی ژینگە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئەو كاندیدانەی بەربژێرن بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات بە بێ جیاوازی، كە لەو كاتەی ڕادەگەیێندرێت بۆ بانگەشە، ئاگاداری ئەوە بن پێشێلی ئەو ڕێنماییانە نەكەن كە بۆیان دانراوە و وێنە و پۆستەرەكانیان لە شوێنی گونجاو ھەڵبواسن و ژینگەی بینین ناشرین نەكەن."
وەك ئەو گوتی: "پێویستە ئاگاداری ژینگەی بیستن بن كە لە شەوانی درەنگدا نەكەونە ھۆڕنلێدانی ئۆتۆمبێلەكانیان و قەرەباڵغی دروست نەكەن لە شەقامەكاندا، هەروەها ئاگاداری ئەو جۆرە چەسپانە بن كە بە ئاسانی لە ستوون و دیوارەكان نابنەوە."
ھەندرێن، دەشڵێ: "دواكارییەكی دیكەمان ئەوەیە، ھەموو لایەنە سیاسییەكان ھەریەكەو لەلای خۆیەوە لیژنەیەك پێك بھێنن بۆ ئەوەی لە كاتی وەستاندنی بانگەشەدا، تەواوی پۆستەر و ئاڵای لایەنە سیاسییەكان لێ بكرێتەوە و شوێنەكان پاك بكرێنەوە."
kdp-
