قایمقامی سۆران باسی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێران لە سەر سنوورەکانی کوردستان دەکا
کرمانج عزەت، قایمقامی سۆران ڕايگەیاند: "ماوەیەکە ئێران سنوورەکانی خۆی لەگەل هەرێمی کوردستاندا توندتر کردووە و هێزی زیاتری هێناوەتە ڕەبایە کۆنەکانی و ڕەبایەی دیکەشی وەک یەدەگ زیاد کردووە".
کرمانج عزەت، ئەوەشی نەشاردەوە "هێزە ئێرانییەکان چەکی قورسیان پێیە و هێزێکی هێرشبەر نین، بەڵکوو بەرگریکەرن، بەڵام زانیاریم لەسەر قەبارەی هێزەکە نییە".
قایمقامی سۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "هێزەکان لە شوێنەکانی خۆیان جووڵەیان پێ نەکراوە و لە سنووری سیدەکان کە ناوچەیەکی سێگۆشەی سنوورییە، بەشێکی ئێران و تورکیا و هەرێمی کوردستانە، ئێران ئەو شوێنانەی کە قاچاخەڕێ و کۆنەڕێن، خۆی تێدا توند و تۆڵ کردووە".
قایمقامی سۆران ڕەتیشی کردەوە کە هێزێک بەو نیازە هێنرابێت، بۆ ئەوەی جووڵە بۆ ناو کوردستان بکات، چونکە ئەوە تا ئێستا دەنگۆیە و هیچ جووڵەیەک نییە.
باسنيوز
