ئاسایش بکوژی بەڕێوەبەرە گشتییەکەی کۆمسیۆنی دەستگیر کرد
ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨، فارس محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوسای کارگێڕیی کۆمسیۆن، لە سەر شەقامی ١٠٠ مەتری لە نزیک (فاملی مۆڵ)ی شاری هەولێر کوژرا. دواتر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاسایشی هەولێر ڕوونی کردەوە کە کوژرانەکەی پەیوەندی بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە هەیە لەگەڵ بنەماڵەیەک بە ناوی (غازی باشتەپەیی) و بکوژەکان بۆ دەرەوەی هەولێر هەڵاتوون. هەر لەمبارەیەوە بە تۆمارێکی ڤیدیۆیی، تەواوی تاوانەکەی ئاشکرا کرد.
لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستی کەوتووە، بکوژی سەرەکیی بەرپرسەکەی کۆمسیۆن، لەگەڵ غازی باشتەپەیی باوکی، کە لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرابوو، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر کراون و ئێستا ڕادەستی دادگا کراون.
هێشتا دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی کوشتنی فارس محەمەد دەستگیر نەکراون و ئاسایش هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنیان چڕ کردووەتەوە.
باسنيوز
