گومان دەخرێتە سەر کورسییەکانی گرووپەکەی شاسوار عەبدولواحید لە بەغدا
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕايگەیاند: "شاسوار عەبدولواحید خەمی ژیانی خەڵکی نییە و لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ ئەوە درووستکراوە کە دژایەتیی گۆڕان بکات، ھیچ شتێکیان پێ نییە بەرامبەر گۆڕان بیڵێن، بۆیە شاسوار عەبدولواحید ئاڕاستە دەکەن، تاوەکو ئەو قسە بە گۆڕان بڵێت“.
بە گوتەی نزار مەحموود، شاسوار عەبدولواحید، دەزانێ خەڵکی ئینتیمایان بۆ نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی پێشووی گۆڕان ھەیە، ”دەچێ ھاوشێوەی جلەکانی نەوشیروان مستەفا لەبەر دەکات، بێگومان دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە خۆی بە میراتگری نەوشیروان مستەفا دابنێ و بڵێ، من لەسەر بەرنامەکەی ئەو دەڕۆم و گۆڕان لەسەر بەرنامەکەی کاک نەوشیروان لایان داوە“.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گرووپی نەوەی نوێ کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، بە ساختەکاریکردن لە هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکات و ڕای دەگەیەنێت: ”ئەو دەنگانەی شاسوار عەبدولواحید ھێناویەتی، دەنگی ڕاستەقینەی خۆی نییە، بەڵکو ساختەکاری بۆ دەنگەکانی کراوە، بۆیە چوار کورسی پەرلەمانی عێراقی ھێناوە، دواجار ئەو کەسە فێڵێکی گەورەی لەخەڵک کردووە و پارەیەکی زۆری خەڵک و حکوومەتی خواردووە، ئەگەر ساختەکاری بۆ دەنگەکانی ئەو نەکرابێت، شاسوار عەبدولواحید کەسێکی وەھا نییە بتوانێ متمانەی خەڵکی بەدەست بھێنێت“.
باسنيوز
