بۆڕیی نەوتی دوبز بۆ كەركووك تەقێندرایەوە
لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر و نەمانی پێشمەرگە لە سنووری كەركووك، داعش جارێكی دیكە سەری ھەڵداوەتەوە و بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەكەدا ئەنجام دەدەن، ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش زۆر لاوازن و ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە.
سەبارەت بە تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی كەركووك، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "درەنگانی شەوی ڕابردوو، چەند چەكدارێكی نەناسراو لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بۆڕیی نەوتی دوبز بۆ كەركووكیان لە بەرانبەر گوندی قەرەدەرە تەقاندەوە، كە پێنج كیلۆمەتر لە دوبزەوە دوورە و تاوەكو ئێستایش ئاگرەكەی نەكوژاوەتەوە و نەتواندراوە كۆنتڕۆڵ بكرێت".
كەركووكی گوتیشی، تا ئێستا نەزانراوە كێ ئەو كارەی كردووە، بەڵام لە نزیك ئەو شوێنە بۆ ماوەیەكی درێژ تەقەیەكی زۆر كراوە.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، ھۆكاری ئەو ھەموو كردەوە تیرۆریستیانە لە شاری كەركووك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەزگا ئەمنییەكان حەشدی شەعبی زۆر لاواز و بێتوانان و ناتوانن كەركووك بپارێزن، بۆیە ئەگەر دۆخەكە چارە نەكرێت، خراپتریش دەبێت.
kdp-
