یەكێتیی بەڵێندەران: دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان سەرەتایەكه بۆ گەشەكردنی ئابووری
پێوهست به خەرجكردنی پارەی بۆ بەڵێندەران ئازاد حەسەن گوتی: "لە مانگی ٦ی ئەمساڵەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی كردووە بە خەرجكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ ئەو بەڵێندەرانەی پێشتر پڕۆژەیان لەسەر پارەی پترۆدۆلار جێبەجێ كردووە و، تا ئێستایش مانگانە پارەكە وەك خۆی بەسەر بەڵێندەراندا دابەش دەكرێت، بەردەوامیدان بە خەرجكردنی پارەی بەڵێندەرانیش، ئاھێكی ھێناوەتە بەر چینی بەڵێندەران ".
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە بە جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژە و دانەوەی بەشێك لە قەرزی بەڵێندەران و كۆمپانیاكان، ئەوانەی پێشتر پڕۆژەیان ئەنجام دابوو و بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پارەیان بۆ خەرج نەكرابوو. جێگری یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە دەستی كردووە بە ھەندێ ھەنگاو، لەوانەش جێبەجێكردنی ھەندێ پڕۆژە، ئەوەش ھیوایەكی بە ئێمە داوە لە بەرامبەر بەڵێندەرانیش رەوشەكە بەرەو باشتر دەچێت، چونكە ئەگەر لە كەرتەكانی دیكەوە دەست پێ بكرێت، بێگومان بەڵێندەرانیش دەگرێتەوە ".
ساڵانی رابردوو بە ھۆی بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، زیاتر لە سێ ھەزار پڕۆژە لە ھەرێمی كوردستان راگیران و پارەی زۆرێك لە بەڵێندەران لای حكوومەت مایەوە، بەڵام وەك ئازاد حەسەن دەڵێت، ئەمساڵ رەوشی بەڵێندەرانیش باشتر بووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو. جەختیشی كردەوە: "بە ھۆی باشتربوونی رەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، ئەمساڵ رەوشی بەڵێندەران باشترە و رەوشی بەڵێندەرانی ھەرێمی كوردستان وەك ساڵانی پێشوو و سەرەتای ھاتنی قەیرانی دارایی نەماوە، چونكە توانیویانە بكەونە سەر پێی خۆیان".
kdp-
