لە کەرکووک بۆڕییەکی نەوت تەقێنرایەوە
عەقید ئیدریس ڕەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە کەرکووک ڕايگەیاند: ”شەوی ڕابردوو دوو بۆمبی چێنراو بۆ یەکێک لە بۆڕییە نەوتییەکانی نزیک لە گوندی قەرەدەرە لە باشووری کەرکووک دانرابوو و دواتر تەقینەوە“.
بەڕێوەبەرەکەی ئاسایشی کەرکووک باس لەوەش دەکات، کە دوای تەقینەوەی بۆمبەکان پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆ ڕۆشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام تا ئەمڕۆش ئاگری بۆڕییە نەوتییەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کشانەوەی پێشمەرگە و داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە بەهاوکاری گروپێکی ناو یەکێتی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە داگیر کران، بارودۆخی ئەمنی ناوچەکان خراپتر بووە و گروپە تیرۆرستییەکان جموجوڵ و چالاکییەکانیان دەست پێ کردووەتەوە.
باسنيوز
