گەنجێک لە شیرینی خەودا کوژرا

گەنجێک لە شیرینی خەودا کوژرا
گەنجێک کە خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن کەسێکەوە لەکاتێکدا نووستبوو، کوژرا. بەگوتەی کەسوکاری کوژراوەکە "بکوژەکە گوتوویەتی بەھۆی ئەوەی خەونم پێوە بینیوە و لە خەونمدا ھەراسانی کردووم، بۆیە کوشتوومە".


مەسعوود سەدیق ئەحمەد، لەکاژێر ٠٥:٠٠ـی بەیانی لە سەر کارەکەی بووە، کە ئێشکگرییە لە موەلیدەیەکی ئەھلی لەنێو بازاڕی دەربەندیخان کاتێک ھێرشی کراوەتەسەر و بەچەقۆ لێیدراوە.

بەپێی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دەربەندیخان "گەنجەکە، بەھۆکارێکی نادیار لەناو خەودا لە لایەن گەنجێک بە ناوی (ق. ێ. ح.) کە پیشەی فرۆشتنی سەموونە بە گەڕەک و ناوبازاڕدا بەر چەقۆ دراوە، چەند چەقۆیەک لە سنگ و سەری دراوە، دوای ھەڵھاتنیشی مەسعوود خۆی دەگەیەنێتە چێشتخانەیەک کە بەرامبەر مووەلیدەکەیە و ئەوانیش گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەھۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە".

بەگوتەی کاروان باوەشێخ، کە کەسوکاری کوژراوەکە گووتی "بکوژ لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆشە و پێشتر دووجار ھەوڵی سووتاندنی مووەلیدەکەی داوە، گوتوویەتی شەوان مەسعوود دێتە خەونم و ئەزییەتم دەدات و ھەراسانی کردووم بۆیە کوشتم".
bas news -
Top