خەسرۆ گۆران: پارتی بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە..حکوومەت هیچ بڕیارێکی بۆ دواخستن نەداوە
خەسرۆ گۆڕان، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی پێوەندیی بە پرسی ئەنجامدان و دواخستنی ھەڵبژاردنەوە نییە، ئەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بڕیاری داوە لە ڕۆژی ٣٠ ی ئەیلوول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، ئەویش لەسەر داوای ھەموو لایەنە سیاسییەکان، وا دیارە چەند لایەنێکی سیاسی داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، ئەوەش بۆچوونی ئەوانە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای حکوومەتە."
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا لە شاری سلێمانییە تا بۆچوونی برادەرانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بزانین، بە بۆچوونی من ھێشتا حکوومەت ھیچ بڕیارێکی نەداوە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، من ناتوانم بڵێم ھەڵبژاردن دوا دەخرێت، یانیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام وەک پارتی بەردەوامین لەسەر ھەڵمەتی خۆمان و لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا، ٣٠ی ئەیلوول."
خەسرۆ گۆڕان گوتیشی: "ھەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ لیستی خۆمان، لیستی ١٨٣ و بڕیارە کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو بانگەشە دەست پێ بکات، بەڵام پارتی بەردەوام لە پڕۆسەکانی ڕابردووشدا یەک دوو ڕۆژ دوای لایەنەکانی دیکە دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە، لەبەر ئەوەش، ئەگەر ئەمشەو و سبەی دەست بە بانگەشە نەکەین، ئەوە ڕۆژانی دواتر دەستی پێ دەکەین."
kdp-
