شۆڕش حاجی: بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردن جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان کۆدەبێتەوە
لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتاکەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان، شۆڕش حاجی، گوتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای گەیاند، لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەی نێوان پارتی و گۆڕان، بە ڕاشکاوانە هەردوولا هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئاماژەشی بەو بیانووانە کرد کە گۆڕان بە هۆیانەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات.
بە گوتەی شۆڕش حاجی، پرەنسیپی سەرەکیی گۆڕان ئەوەیە، هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن و خۆزگەی خواست، هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوور و دامەزراوەی ئەوتۆ بووایە کە لە هەموو کەشوهەوایەکدا بتوانرابا هەڵبژاردن لە کاتی دەستووریی خۆیدا ئەنجام بدرێت. گوتیشی: ”بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردن، جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە“.
لەلایەن خۆیەوە، محەمەد مەحمود، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند: ”ئێمە لامان گرنگە لێک نزیک بین و پەرە بە خاڵە هاوبەشەکانمان بدەین. بۆ خاڵە جیاوازەکانیش، زەمەن بدەین و گفتوگۆی زیاتر بکەین. ئیمە رەنگە لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان کێشەمان نەبێ، بەڵام لەسەر چۆنیەتیی سیاسەتکردن کێشەمان هەبێ“.
ڕوونیشی کردەوە کە پارتی و یەکێتی لە بەغدا پڕۆژەیەکیان هەیە و لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.
لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی فەرمیی پارتی جەختی لەوە کردەوە: ”کاتی خۆیدا کە دواخرا، ئاکامی باشی نەبوو. بەهاری ڕابردوو کاتی هەڵبژاردن بوو، ئەوکاتە هەندێک لایەن پێیان باش بوو دوابخرێ، ئەوکاتە پارتیش ڕازی بوو، بەڵام کە ٣٠ی ٢٠١٨ ئەیلوول دانرا، بە پرس و ڕا ڕۆژەکە دیاری کرا و ئێمەش پێمان باش بوو. ئێستا کەشوهەوایەکە لەبارە بۆ هەڵبژاردن و کۆمسیۆن جەختی کردووەتەوە کە هەموو ڕێکارە تەکنیکییەکان لەبارن بۆ هەڵبژاردن“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”پێویستیمان بەوەیە حکوومەتێکی تازە و کابینەیەکی تازە و پەرلەمانێکی تازە پێک بێت، تاوەکوو لە ڕووی خەڵک و متمانەی خەڵکەوە پاڵپشتییەکی زیاتری هەبێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بتوانێ کارەکانی خۆی ئەنجام بدات“.
مەحموود محەمەد لە وەڵامی پەیامنێر، لەبارەی ئامادەکارییەکانی حزبەکەی بۆ هەڵبژاردن، باسی لەوە کرد کە ”تائێستا ئەوەی پێویست بووە بۆ هەڵبژاردن لە ٣٠ی ئەیلوول، ئەنجاممان داوە“.
باسنیوز
