شەش ھەزار خێزانی کەرکووک لە ھەولێر ماون
حوسێن کەلاری، سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکانی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بە ھۆی داگیرکاریی ناوچەکانی کەرکووک ١٣ ھەزار خێزانی کەرکووک ئاوارەی شاری ھەولێر و دەوروبەری بوون، بەڵام بە ھۆی ھاوکارینەکردنیان لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە و خراپیی باری ژیانیان ژمارەیەک خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان."
کەلاری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا شەش ھەزار خێزانی ئاوارەی کەرکووک لە شاری ھەولێر و دەوروبەری ماون و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، چونکە ئاوارەکان دەڵێن، بگەڕێینەوە ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی تاوانمان بەرامبەر ئەنجام دەدەن، وەک ڕۆژانە دیارە مامەڵەی ئەو ھێزانە لەگەڵ خەڵکی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان چۆنە، لەبەر ئەوە تا ڕەوشی کەرکووک بەو داگیرکارییە بمێنێتەوە، ئاوارەکان ئامادەی گەڕانەوە نین."
لەبارەی ھاوکاریی ئاوارەکانی کەرکووکەوە حوسێن کەلاری دەڵێت: "ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ھاوکاریمان ناکەن، ئەوەی ھەیە ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ھەندێ خەڵکی خواپێداوی کوردستانە بۆ ئاوارەکان."
kdp-
