کێشەی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان دەبرێتە دادگای فیدڕاڵی
دکتۆرە مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نەکشاونەتەوە، بەڵکو بەشداریمان لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا بۆ مەبەستی سوێندی یاسایی بووە و بڕیارە بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان نەکەین تا دەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، ئەمڕۆ و دوێنێش کۆبوونەوەی شاندی باڵای دانوستان بەردەوام بووە و بەردەوامە لەگەڵ لایەنەکانی عێراق و گەشبینم بەوەی دەگەن بە ڕێککەوتن."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ھەڵنابژێرن، چونکە ئێستا دوو لیست وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی داواکارییان پێشکەش کردووە، یەکێکیان سائیروونە کە حەڤدە کوتلەیە و دەوڵەتی یاسا بە ١٥٤ کەس، نووسراو دەکرێت بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی و دادگا بڕیار دەدات کامیان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە.
لەبارەی ھەڵوێستی کوردەوە، دکتۆر مەیادە نەجاڕ ڕوونی کردەوە: "پارتی و یەکێتی بە یەک پاکێج چوونەتە دانوستان و ژمارەی پەرلەمانتاران ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت، واتە لەگەڵ کام کوتلە بگەینە ڕێککەوتن باڵانسەکە لای ئێمەیە و دەتوانین یەکلای بکەینەوە."
kdp-
