بەرپرسێکی یەکێتی نهێنیی گفتوگۆکانی بەرهەم ساڵح و بنەماڵەی تاڵەبانی ئاشکرا دەکا

 بەرپرسێکی یەکێتی نهێنیی گفتوگۆکانی بەرهەم ساڵح و بنەماڵەی تاڵەبانی ئاشکرا دەکا
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نهێنیی گفتوگۆکانی نێوان بەرهەم ساڵح و بنەماڵەی تاڵەبانی ئاشکرا کرد و ئەوەی نەشاردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆرگانە فەرمییەکانی حزبەکەیدا نییە، بەڵکوو ”لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانییە“.

ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کە بە کەسێکی نزیک لە کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی هەژمار دەکرێت، ڕایگەیاند: ”یەکێتی حزبی دایکە و ئەو بەڕێزانەی جیابوونەتەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان گرفتیان لە بەڕێوەچوونی شێوازی کارکردنی یەکێتی ھەیە، ئێستا یەکێتی لاری لە گەڕانەوەیان نییە، ئەگەر گەڕانەوەیان بە شێوەی لێکتێگەیشتن و خزمەت بە بەرنامە و ستراتیژی یەکێتی بێت“.

بە بڕوای بێرکۆتی، ھەموو ئەوانەی لە یەکێتی جیابوونەوە، ”نەیانتوانی شتێک بکەن کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بکەن“. گوتیشی: ”پێیان وابوو کە گۆڕانکاری و شتێکیان پێ دەکرێ کە بە یەکێتی نەکراوە، بەڵام ئەزموون دەریخستن ئەوەی یەکێتی پێی نەکرا، ئەوانیش ناتوانن بیکەن“.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد: ”گفتوگۆکانی بەرھەم ساڵح لەسەر ئاستی ئۆرگانە فەرمییەکانی یەکێتی نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەو برایانەی ناو یەکێتی لەسەر ئاستی شەخسیە، بۆیە ھیچ شێتیکی لێ تێناگەم“.

سەبارەت بەو کەسانەی کە بەرھەم ساڵح قسەیان لەگەڵدا دەکات، ئایا کۆسرەت ڕەسووڵە یان بنەماڵەی تاڵەبانی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدە؟، ڕێباز بێرکۆتی نەیشاردەوە: ”ئەوەی زیاتر من بیستوومە، گفتوکۆکە لەگەڵ بنەماڵەی ماڵی مام جەلالە“، بێرکۆتی دەڵێت: ”جەختیش دەکەمەوە لەگەڵ ھیچ ئۆرگانێکی یەکێتی گفتوگۆ نییە و لەگەڵ کەسەکانە، بۆ ئەوەش ئێمە ئاگاداری ئەو وردەکارییانە نین“.

پێشتر زانیاریی زۆر لەبارەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و گفتوگۆکانی لەگەڵ یەکێتی باس دەکران، بەڵام پاش بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دژایەتیکردنی بۆ کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بابەتەکە بێدەنگی لێکرا، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨، هێرۆ ئیبراهیم لە ناوەڕۆکی نامەکە پەشیمان بووەوە و ڕەتی کردەوە بە ڕەزامەندیی خۆی نامەکە بڵاو کرابێتەوە.














باسنیوز
Top